دوای بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای چاوخشاندنەوە بە پاساوەکانی بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق دەکات.
وەزارەتی دەرەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وەستاندنی ململانێی چەکداری و چەکدانان. ئەمە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ دەزانێت کە ڕۆڵی دەبێت لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەم ڕاگەیاندنە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو ململانێ درێژخایەنانەی کە دەیان ساڵە باڵی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا کێشاوە.
هەروەها ئەم پێشهاتە دەستپێکێکی سروشتییە بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بەو بیانوو و پاساوانەی کە لە مێژە کراونەتە پاساو بۆ بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق.
وەزارەتی دەرەوە ڕاشیگەیاند پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتدەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان دەکاتەوە لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان.
