سەرچاوەکە بە (بەغداد یەومی)ی ڕاگەیاندوە، "حکومەتی هەرێم پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی فیدراڵیەوە کردووە بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی ئەو 70 ملیار دینارە و داوای لێکردووە پابەندبێت بە ناردنی 950 ملیار دینار".
ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم بەغدای ئاگادارکردۆتەوە کە ئەم بڕە پارەیە وەرناگرێت، چونکە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات، کە دەکاتە نزیکەی 960 ملیار دینار".
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بڕیاری کەمکردنەوەی بودجەی بۆ مووچەی هەرێم داوە و بڕی 700 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان تەرخان دەکات.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نوسراوێکی ناردووە و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئاگادار دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکانی، کە بڕیاربوو مانگانە بڕی 90 ملیار دینار بێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە زیاتر لە 957 ملیار دیناری دەوێت.