بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی کوردستان: حکومەتی فیدراڵی بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بودجەی بۆ مووچەی هەرێم داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ی ئایاری 2025) بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بودجەی بۆ مووچەی هەرێم داوە و بڕی 700 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان ڕەوانە دەکات.
ئەو بەرپرسە بۆ میدیا کوردییەکان ڕوونیکردۆتەوە ، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق نوسراوێکی ناردووە و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئاگادار دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ئازادکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی، کە بڕیاربوو مانگانە بڕی 90 ملیار دینار بێت. لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەرێم لە مانگی یەکدا تەنها نزیکەی ٥٢ ملیار دیناری ڕادەستکردووە، هەروەها لە مانگەکانی شوبات و ئازاردا هەریەکەیان کەمتر لە ٥٠ ملیار دیناری ڕادەستکردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لەمساڵدا سێ جار داهاتی غەیرە نەوتی بۆ حکومەتی فیدراڵی گواستراوەتەوە. لە مانگی یەکدا نزیکەی ٥٢ ملیار دیناری ناردووە، لە مانگی شوباتدا ٤٨ ملیار و ٧٢٢ ملیار دینار و لە مانگی ئازاردا ٤٨ ملیار و ٢٠٥ ملیار دیناری ناردووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە کە هەرێم بە زووترین کات بڕی 50 ملیار دیناری دیکەی داهاتی نانەوتی بگوازێتەوە بۆ بەغدا، لە بەرامبەر خەرجکردنی 750 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. جەختیشی کردەوە کە دەبێت حکوومەتی هەرێم ئەو کورتهێنانەی ماوەتەوە کە 200 ملیار دینارە لە داهاتی ناوخۆی خۆی دابین بکات.