دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، کە دەکاتە کاتژمێری 10ـی بەیانی بەکاتی واشنتن، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی دەکات، تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی باجە گومرگییەکان رادەگەیەنێت.
دوو سەرچاوە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکییان راگەیاندووە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا دۆناڵد ترەمپ لابردنی باجی گومرگیی سەر هاوردەی کاڵا لە بەریتانیاوە رادەگەیەنێت.
دەڵێن، ترەمپ لێخۆشبوون بۆ بەریتانیا دەکات لەو لەسەدا 25ـی باجەی بەسەر هاوردەی ئەلەمنیۆم و پۆڵا و ئۆتۆمبێلدا سەپاندوویەتی، بەڵام باجی لەسەدا 10 کە هاوردەی هەموو شتێک لە هەموو وڵاتێکەوە دەگرێتەوە هەر دەمێنێت.
هەر لەبارەی باجە گومرگییەکان، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی چین بۆ دانوستان لەبارەی باجە گومرگییەکان کۆدەبنەوە.
هاوکات حکومەتی چین رایگەیاند، کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوویان لەگەڵ ئەمریکا، لەسەر داواکاریی ئەمریکا بووە، مەرجیشیان ئەوەیە، سەرەتا دەبێت ترەمپ ئەو لەسەدا 145ـی باجەکان هەڵبگرێت کە سەپاندوویەتی بەسەر هاوردەی کاڵای چینیدا، بەڵام ترەمپ هێشتا ئامادەیی پیشان نەداوە ئەو باجانە هەڵبگرێت.