Apora Logo

هاوکاری هاوپەیامانا بۆ لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە کەم دەبێتەوە

هاوکاری هاوپەیامانا بۆ لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە کەم دەبێتەوە

بەراورد بە چەند مانگی پێشوو، هاوكاریی دارایی مانگی چواری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کەم دەبێتەوە، بەڵام هەزاران پێشمەرگەی دیكە سوودمەند دەبن.

7/5/2025

بەراورد بە چەند مانگی پێشوو، هاوكاریی دارایی مانگی چواری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کەم دەبێتەوە، بەڵام هەزاران پێشمەرگەی دیكە سوودمەند دەبن.

بەرپرسێکی ژمێریاریی پێشمەرگە بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە، هاوکاریی دارایی مانگی چواری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکانی  پێشمەرگە دابەش دەکرێت،  کە بڕەکەی 214 هەزار و 750 دینارە.

مانگی ئازاری ئەمساڵ، بڕی هاوکارییەکە 216 هەزار دینار بوو، مانگی دووش بڕەکەی 230 هەزار دینار بوو.

بەرپرسەکەی ژمێریاریی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد، بۆ ئەم مانگە نزیکەی هەشت هەزار پێشمەرگەی دیکە بۆ یەکەمجارە لە هاوکارییەکە سوودمەند دەبن.

لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە، ڕایگەیاند: “هاوکارییەکە بڕێک کەمی کردووە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە، بەپێی ڕێکارەکانی هاوپەیمانان، چەند فەوجێکی لیواکان بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییە زیاد کراون”.

زۆرترین بڕی هاوکارییەکە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بوو کە 407 هەزار دینار بوو.

بۆ مانگی چوار 56 هەزار پێشمەرگە هاوكارییەكە وەردەگرن کە بەشی زۆریان لە ڕێی (هەژماری من)ەوە وەریدەگرن.

لیوا هۆشمەند جەختی کردەوە: “لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەوە دووپات کراوەتەوە کە هاوكاریى دارايى بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت”.

هاوکاریی مانگانە کە دەرێتە لیواکانی هێزی پێشمەرگە، هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەوە نییە.


;