بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای هیندستان، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی راستەوخۆی لە ناوخۆی پاکستان راگەیاندو لەناو خاکی پاکستان نۆ پێگەیان بە ئامانج گرت. ئاژانسی رۆیتەرزیش دەڵێت، لە ئاکامی بۆردومانەکانی هیندستاندا بۆ سەر پاکستان و ناوچەی کشمیر، ١٠ کەس کوژران و ٤٨ کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێک لە سوپای پاکستان بڵاویکردەوە، بە هۆی بۆردومانەکانی هیندستان ٢٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٤٦ کەسیش بریندار بوون.
حکومەتی هیندستان رایگەیاند، لە ژێر ناونیشانی ئۆپەراسیۆنی سیندور، کە مەبەست لێی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی تیرۆرە لەناو خاکی پاکستاندا، هێرشی مووشەکیان بۆسەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و نۆ پێگەیان کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی سوپای پاکستانیش ئاماژەی بەوەکرد، هیندستان لە سێ شوێن بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی، هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئیسلام ئابادبەڵێنی وەڵامدانەوە هێرشەکەی هندستانی داوە.
هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە دوو شەڕیان لەسەر کشمیر کردووە، کە هەردوولا ئیدیعای تەواویان دەکەن و بەشێکی کۆنترۆڵیان کردووە.
لە دوای ئاگربەستەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ کە هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢١ نوێیان کردەوە، لێدان لە ئامانجەکانی نێوان هەردوو دراوسێ لە ڕادەبەدەر دەگمەن بووە، بە تایبەتی هێرشەکانی هیندستان بۆ سەر ناوچەکانی پاکستان لە دەرەوەی کشمیر.
بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن مەترسییەکانی پەرەسەندنی هێرشەکانی هیندستان زیاترە لە ڕابردووی ئەم دواییە بەهۆی توندی هێرشەکانی هیندستان کە نیودەلهی ناوی لێنا "ئۆپەراسیۆنی سیندور".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆخەکەی بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد و دەشڵێت "هیوادارم بە خێرایی کۆتایی پێبێت".
لای خۆیەوە وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕایگەیاند، سکرتێری گشتی داوا لە هەردوو وڵات دەکات زۆرترین خۆگرتنی سەربازی بگرنەبەر.