Apora Logo

ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر حوسیەکانی یەمەن راگرت

ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر حوسیەکانی یەمەن راگرت

دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆردومانەکانی بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن ڕادەگرێت

6/5/2025

دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆردومانەکانی بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن ڕادەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بزوتنەوە یەمەنیەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر وەستاندنی پەکخستنی ڕێڕەوە گرنگەکانی کەشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە حوسییەکان "تەسلیم بوون"، ڕوونیشی کردەوە کە "هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن وەستان".

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ ڕایگەیاندووە، حوسییەکان داوایان لێکردین بۆردومانیان نەکەین. "ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن".

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند: حوسییەکان دووپاتیان کردۆتەوە کە کەشتییە ئەمریکییەکان بۆردومان ناکەن.

ترەمپ وردەکارییەکانی سەبارەت بەو پەیامەی کە حوسییەکان ناردویەتی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕوونیکردووەتەوە: "تکایە چیتر بۆردومانمان مەکەن، ئێمەش هێرش ناکەینە سەر کەشتییەکانتان".

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە "واشنتۆن بەڵێنەکەی حوسییەکان وەردەگرێت" کە چیتر بۆردومانی کەشتییەکان ناکەن. حوسییەکان تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

وتەکانی ترامپ سەبارەت بە حوسییەکان ڕۆژی سێشەممە لە میانەی پێشوازیکردن لە مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی نوێی کەنەدا هات.

حوسییەکان لەو کاتەوەی کە ئیسرائیل هەڵمەتی سەربازیی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە، لە کاردانەوە بە هێرشی حەماس بۆ سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور.

ڕۆژی یەکشەممە حوسییەکان هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی ئاسمانی "هەمەلایەنە"یان کردە سەر ئیسرائیل بە لێدانی چەندین جار لە فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل.

لە دوای کەوتنی مووشەکێکی حوسییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گوریونی ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکشەممە گرژی و ئاڵۆزییەکان پەرەی سەندووە و ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن ئەنجام بدات.

وەزارەتی تەندروستی کە حوسییەکان بەڕێوەیدەبەن ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری بەندەری حودەیدە لە یەمەن ڕۆژی دووشەممە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی ٣٩ کەسی دیکە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەخانەی سەرەکی یەمەنی بە هێرشی ئاسمانی کردە ئامانج، ئەمەش دووەم هێرشی بۆ سەر حوسییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژدا.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن ڕاگەیاند و پشتڕاستیکردەوە کە تێرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی سەنعا و سەرجەم فڕۆکەکانی ناوەوەی کراونەتە ئامانج، بەمەش فڕۆکەخانەکە بە تەواوی داخراوە.

حوسییەکان بەشێکن لە "میحوەری خۆڕاگری" کە ئێران پشتیوانی دەکات لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو بەناو میحوەرەی بەرخۆدان، گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماسیش لەخۆ دەگرێت.



;