Apora Logo

ئەحمەد شەرع سەردانی فەرەنسا دەکات

ئەحمەد شەرع سەردانی فەرەنسا دەکات

ئەحمەد شەرع سەردانی فەرەنسا دەکات

6/5/2025

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لە پاریس، پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دەکات و ئەمەش دەبێتە یەکەمین سەردانی شەرع بۆ ئەورووپا.

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆشکی ئیلیزێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ماکرۆن "پشتگیریی فەرەنسا بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ دووپاتدەکاتەوە، سووریایەکی ئازاد، سەقامگیر، سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت".

ئەوەش هاتووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا کە خوازیاری ئاشتی و دیموکراسین."

سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، ماکرۆن جەخت لە "داواکارییەکانی بەردەم حکومەتی سووریا دەکاتەوە، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بە لوبنانیشەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

ماکرۆن سەرەتا لە مانگی شوباتدا بانگهێشتی سەرکردەی نوێی سووریای کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە فەرەنسا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام کە شەرع سەرکردایەتیی دەکات، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دیکەی توانییان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو بڕووخێنن.

مانگی ئادار، ماکرۆن جارێکی دیکە شەرعی بانگهێشتکردەوە، بەڵام بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتێکی سووریایی گشتگیر کە نوێنەرایەتیی "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیل" بکات. سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەوکات دانوستاندنە سەرەتاییەکانی لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق بە "ئەرێنی" ناوبردن.

;