سەرچاوە پزیشکییەکان لە غەززە ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوەڕاستی مانگی ئازار، ژمارەی مردنی منداڵان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بۆ 57 منداڵ بەرزبووەتەوە.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە منداڵانی کەرتی غەززە "بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە کەمپەکانی ئاوارەبووندا لە بارودۆخێکی کارەساتباردا دەژین". ئەوان "بانگەوازە بەپەلەی خۆیان بۆ خەڵکی ئازادی جیهان نوێکردەوە کە ڕزگارکردنی منداڵانی غەززە بژاردە نییە بەڵکو ئەرکێکی مرۆییە".
لە سەرەتای مانگی ئازاردا ئیسرائیل هاتنە ناوەوەی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ ناو کەرتی غەززە ڕاگرت، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی شەڕەکە. ئەمەش ئەو خاکەی کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، خستە ناو دۆخێکەوە کە پێدەچێت خراپترین قەیرانی مرۆیی بێت لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣.
دەربارەی ئەمە رێکخراوی جیهانی (یونیسێف) هۆشداریدا لەوەی زیاتر لە سەدا ٩٦ی ژنان و منداڵانی غەززە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراکیان دابین بکەن. ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٥ هەزار فەلەستینی لە کۆی ٢.٢ ملیۆن کەس، بەدەست ئاستێکی گرینگی نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، کارەکان بەردەوامن بۆ گۆڕینی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیس بۆ کلینیکێکی تەندروستی گەڕۆک بۆ منداڵانی غەززە، ئەمەش بە جێبەجێکردنی وەسیەتنامەیەک کە پاپا پێش مردنی لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا بەجێی هێشتووە. ئەو ئۆتۆمبێلە کە پاپا لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکانی فەلەستین لە ساڵی ٢٠١٤ بەکاری هێناوە، ئامێری فریاگوزاری و دەستنیشانکردنی نەخۆشی تێدا دەبێت، خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات لە ناوچەیەک کە ژێرخانی تەندروستی لە ژێر قورسایی شەڕ و گەمارۆدا ڕووخاوە. پاپا ئەم ئەرکەی بە کاریتاس قودس سپارد.