Apora Logo

گوتەبێژی کۆمسیۆن: بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لە سیستەمی ئامێرەکانی دەنگدان رەتدەكەینەوە

گوتەبێژی کۆمسیۆن: بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لە سیستەمی ئامێرەکانی دەنگدان رەتدەكەینەوە

گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پشت بە زیرەكی دەستكرد ببەستێت.

5/5/2025

جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە باس لەوەدەكەن گوایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە سیستەمی ئامێرەكانی دەنگداندا پشت بە زیرەكی دەستكرد دەبەسترێت.


ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بلاوكراوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە و كۆمیسیۆن هیچ پلانێكی لەو شێوەیەی نییە بۆ بەكارهێنانی زیرەکی دەستكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.


ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە لە زاری ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی سەر بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو ئامێرەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەكاردەهێندرێت چەندین سیستەم لەخۆدەگرێت كە بەزیرەكی دەستكرد كاردەكەن، وەك ناسینەوەی مۆری پشتی پەڕەی دەنگدانەكەو جیاكردنەوەی دەنگە پوچەڵ و مۆرنەكراو و دوورخراوەكان.


 بڕیارە لە ١١ی تشرینى دووەمى ٢٠٢٥، هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە.

;