Apora Logo

سودانی لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات

سودانی لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات

محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاوەری شاندێکی باڵا بۆتاوێکردنی چەند پرسێک لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات.

5/5/2025

ئەمڕۆ دووشەممە (5ی ئایاری 2025) باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات.


باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی فەرمی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی وەزارەتی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەمەد ڕێدها ئەلحوسێنی، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی محەمەد شیاع ئەلسودانی بۆ ئەنقەرە.


ئاماژەی بەوەشکرد، "شاندەکە نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، ئامانجیشی تەواوکردنی گفتوگۆی تەکنیکییە لەسەر یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن کە لەگەڵ لایەنی تورکیا واژۆ دەکرێت، کە چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئاسایش، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان، و پیشەسازی".

;