سری سوڕەیا ئۆندر، ئەو ھاوڵاتیە تورکەی لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە تێکەڵاوی ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کوردبووە، ئەو 14 ساڵان بووە کاتێک ئاشنایەتی لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجالان پەیدا دەکات، ئەو سەردەمەی ئەو ئۆجالان دەناسێت ھێشتان پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دانەمەزرابوو. یەکەمین جاریش کە لەسەر کورد و کۆمڵکووژی عەلەوەیەکان ئۆندر دەخرێتە زیندان ئەو کاتانە بوو کە لە تورکیا کودەتای شوومی 12ی ئەیلولی 1980 ڕوویدابوو، ئەوسا ئەو تەمەنی تازە دەگەیشتە 18 ساڵان و 7 ساڵی تەمەنی لاویەتی لە زیندانی کودەتاجییەکان بەسەر برد.
ئیمرالی ئۆجالان و سری سوریا 2014
بۆیە دوای شەست و دوو ساڵ لە تەمەنیدا کاتێک ئەردۆگان لێی دەپرسێ:- "تۆ بۆ تەنیا کچێکت ھەیە؟" ئۆندر بە ئەردۆگان دەڵێت:- " من ھەر لە زیندانی ئێوە بوومە کەی کاتم بۆ درووستکردنی منداڵ ھەبووە؟!"
رەجەب تەیب ئەردۆگان لە پێشوازی شاندی ئیمرالی 2025
سری سوڕەیا ئۆندر دوای کودەتای ساڵی 1980 دوو جاری دیکە دەخرێتەوە زیندان و ئەشکەنجەی زیندان کاریگەری زۆر لەسەر جەستەی ئەو دادەنێت، بەڵام ھەرگیز زیندان تووشی گۆشەگیری ناکات، بگرە لەپاڵ شارەزایی لە ھونەری فۆتۆگرافی کە لە منداڵی دوای مردنی باوکی فێری دەبێت، شارەزایی لە بواری فیلمسازی پەیدا دەکات و باشترین ھونەرمەند و سینارستی لێ دەردەچێت.
لە بواری سیاسیش ساڵی 2011 وەک کاندیدی سەربەخۆی لەسەر لیستی بەدەپە دەبێتە پەرلەمنتار و لە پاڵ کاری پەرلەمانتاری چالاکوانێکی دیاری بواری ژینگەش دەبێت و لە گردبوونەوەکانی پارکی گەزی لە مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆل پێشەنگایەتی ناڕەزاییەکان دەکات و خۆی وەک نوێنەری دارو دەرخت دەناسێنێت کە حکومەتی تورکیا دەیەوێت پارکی گەزی لە ئەستەنبۆل تێک بدات.
کاتێک پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵانی (2013- 2015) لە نێوانی دەوڵەتی تورکیا و ئیمرالی دەستپێدەکان سری سوڕەیا، ڕۆڵی پەیامبەری ئاشتی دەبینێت، شانازی ئەوەی پێدەبڕێت کە ساڵی 2013 پەیامی ئۆجالان لە گردبوونەوەی ئامەد بخوێنێتەوە.
شایانی باسە، لە نێو نەتەوەی تورک لە تورکیا ژمارەیەک نووسەر و کەسایەتی وەک (ئیسماعیل بێشکچی، سری سوریا، ئۆرھان بامۆک، جەنگیز چاندەر...ھتد) ڕاشکاوانە داکۆکیان لە مافەکانی گەلی کورد کردووە. بەڵام سری سوڕەیا جیاواز لە ھەر ھەموویان ھەمیشە لە مەیدانی داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد بووە، ھەشت ساڵ لە زیندان بووە، ئەو ساڵانەی کە ئەندامی پەرلەمان بوو ڕووبەڕووی بیری شۆڤینیزم ھاوزمانەکانی وەستاوەتەوە، لەو بارەیەوە قسەیەکی بەناوبانگی ھەیە کە دەیگووت:-
" لە تورکیا کوردێک دەتوانێ ببێتە سەرۆک کۆمار، کوردێک دەتوانێ ببێتە سەرۆک وەزیران، لە تورکیا ئەوەی کورد ناتوانێ ببێت یەک شتە ئەوەیش ئەوەیە کورد لە تورکیا ناتوانێ بڵێ کوردم"
سری سورەیا، لەوم دواییەدا جارێکی دیکە چووبووەوە ژێر باری ئەرکێکی قورس ئەویش پەیامبەری ئاشتی نێوان ئیمرالی و دەوڵەتی تورکیا بوو، لەو بارەیەوە لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوای ئوندەر ھاوسەفەرەکەی کاروانی ئاشتی پەروین بوڵدان دەڵێت:-
"خەباتی ئاشتی بەبێ سری سورەیا سەختە، ئەو بارێکی قوڕسی خستە سەر شانی ئێمە"
سری سوریا و پەروین بوڵدان 2024
ھەر لەو بارەیەوە دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی مەرگی سری سورەیا ئۆجالان لە زیندان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو دۆستێکی گرنگی لەدەستداوە، شایانی باسە ئۆجالان پێشتر چەندین جار ھۆشداری بە سری سوریا داوە کە ئاگاداری خۆی بێت.
ھەر سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئۆندر سەلاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی کۆنی ھەدەپ لە زیندانی ئەدەرنە پەیامێکی بڵاوکردەوە نووسیویەتی: تۆ ئێستا تەنیا گۆڕێکت نابێت بگرە لە دڵی ملیۆنان کەس جێگا دەگری.
شایانی باسە، سری سوریا ئۆندر دوای 18 رۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە ئێواراەی 3ی ئایار ماڵئاوایی یەکجارەکی کردوو لە دوای خۆی تەنیا کچێکی بە ناوی جەرەن ئۆندەر جێھێشت کە ئەویش لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوای باوکی بە چاوی بە فرمێسکەوە گووتی " بڕیار بوو دوو ھەفتەی دیکە پڕۆتۆکلی ئاشتی واژۆ بکەی وەلی مخابن بەیەکجاری جێتھێشتین.:-