وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هانی هاووڵاتییان دەدەن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی تاکسی هایبێرت یان کارەبایی بکڕن، دەشڵێت، گۆڕینی تاکسییە کۆنەکان بۆ کارەبایی ئارەزوومەندانەیە
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند: ئەوەی خەڵک لێی تێنەگەیشتووە ئەوەیە کە گۆڕینی تاکسیەکە ئارەزوومەندانەیە، بۆیە شۆفێرانی تاکسی ناچارنین پەلە بکەن لە گۆڕینی تاکسیەکەیان، کەی لە ڕووی داراییەوە دۆخت باشبوو ئەوکات دەتوانی تاکسیەکەت بە تاکسی نوێی کارەبایی بگۆڕیت
باسی لەوەشکرد: ئەوان هانی هاووڵاتییان دەدەن تاکسی هایبێرت یان کارەبایی بکڕن، چونکە دۆستی ژینگەیە، لە ڕووی ئابووریشەوە بۆخۆیان باشە لە کۆڵ کێشەی بەنزین، گرانی بەنزین، نۆرە و کوالێتی بەنزین دەبنەوە
ڕاشیگەیاند: خاڵێکی دیکەیان کە زۆر باشە بابەتی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلە بە هەدیە، واتا هەر هاووڵاتییەک ئۆتۆمبێلێکی تاکسی بکڕێت، تابلۆیەکی ئۆتۆمبێلی بە هەدیە پێدەدرێت، کە نزیکەی سێ ملیۆن دینار دەکات