Apora Logo

سری سورەیا ئۆندەر کۆچی دواییکرد

سری سورەیا ئۆندەر کۆچی دواییکرد

دوای وەرگرتنی چارەسەر بۆ ماوەی 18 رۆژ، (سری سورەیا ئۆندەر) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاو جێگری (دەم پارتی) لە ئیستانبوڵ، کۆچی دوایی کرد.

3/5/2025

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نەخۆشخانەکە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە" سێری سورەیا ئۆندەر لە کاتژمێر 4:10 بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەیەوە ژیانی لەدەستدا". 


سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە. 

 

ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.

 

هەر لە سەرەتاوە دەیانگوت:"وەڵامدانەوەی نەخۆشەکەمان بۆ چارەسەرییەکان کەمە، ئاوسانی مێشکی بەردەوامە و مەترسییەکانی سەر ژیانی تادێت روو لە زیادبوونە".


لەدواین جوڵەی سیاسیدا، ئۆندەر لەگەڵ پەروین بوڵدان، وەكو وەفدی ئیمرالی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی كرد بەمەبەستی قسەكردن لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی تایبەت بە پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا.


 

 سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟

 

- ساڵی 1962 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبوو.


- لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی لەدەستداوە، باوكی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی ئەدیەمانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، بەڵام مامی یەكێك لە قوتابیەكانی (سەعید نورسی) بووە.


- ئۆندەر كە ئەمڕۆ كوردو تورك بۆ تەندروستی ئەو پەرۆشن، سەربە بنەماڵەیەكی تورکە، وەكو خۆی دەگێڕێتەوە دوای ئەوەی هەندێک لەو کتێبە ئەدەبیانەی خوێندوەتەوە کە باوکی لە قۆناغی ناوەندیدا بۆی بەجێی هێشتووە، ڕووی لە بیری چەپ كردووە.


- لە تەمەنی لاوێتیدا سری سورەیا ئۆندەر بەشداری لە هەندێك كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستیدا كردووە. لە کاتێکدا لە ساڵی 1978 خوێندکاری ئامادەیی ئەدیەمان بووە، بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کۆمەڵکوژی مەڕەش، ئۆندەر دەستگیرکراوە. ئەمە یەکەم دەستگیرکردنی دەبێت و ساڵانی گەنجی لە زیندان بەسەر بردووە.


- ئۆندەر لە وێنەی ” سەركردەیەكی چەپی جیاواز”دا دەركەوت، کەسێک بوو کە توانای هەبوو دیالۆگ لەگەڵ ئیسلامی- کۆنەپارێز پەرەپێبدات. لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەردەکەوت و لەم بوارەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەکاندا دەكرد.


- لە ساڵی 2011وە گۆڕانكارییەكی تر لە ژیانیدا روویداو رووی لە كاری پەرلەمانی كرد، ئۆندەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەستەنبوڵ کە لەو ساڵەدا وەک کاندیدێکی سەربەخۆی بلۆکی کرێکاران و ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەچوو، وەک پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا, و جێگای خۆی لە ڕیزەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) كردەوە.


- لە ساڵی 2013 بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کە ئامانجی یەکخستنی سیاسەتی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی چەپی تورکی بوو لە ژێر یەک سەقفدا، بوو بە کەسایەتییەکی گرنگتر. ئۆندەر بوو بە جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە. ئەو لە یەکەم پەرلەمانتاران بوو کە لە ساڵی 2013دا بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی (گێزی پارك)دا کرد. لە یەکەم رۆژی ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەكان كەوت و رەوانەی نەخۆشخانە كرا.


- لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بوو.

 

- وێڕای ئەوەی سیاسەتڤان بوو، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسییشی دەکرد؛ هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیبوو.

 

- سری سورەیا ئۆندەر یەکێک بوو لە ناوە گرنگەکانی ئەو ماوەیەی کە ناوی “پرۆسەی چارەسەر”ی لێنرا بوو، لەماوەی ساڵانی 2013-2015 لە تورکیا. ئەو لەنێو ئەو تیمانەدا بوو کە سەردانی زیندانی ئیمرالی و چیای قەندیل-یان دەكرد. لە ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر لە ساڵی 2013دا، ئەوە ئۆندەر بوو دەقی تورکی نامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە، کە داوای کردبوو “هێزە چەکدارەکانمان لە دەرەوەی سنوور بکشێنەوە”. هەروەها ئەو کەسە بوو کە دەقی تورکی ئەو نامانەی خوێندەوە کە ئۆجەلان لە اتی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا لە ساڵانی 2014 و 2015دا ناردبووی. لەم ماوەیەدا ئۆندەر بوو بوو بە ناوێکی ناسراو لە نێو خەڵکدا. شێوازی قسەکردنی ژیرانەی لە مشتومڕە سیاسییەکاندا زیاتر ئەوی بە خەڵك دەناساند.


- لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە

 

- لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ

 

 - بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بوو

;