دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی بە جلوبەرگی پاپا بڵاوکردەوە.
ترامپ هیچ لێدوانێکی لەگەڵ ئەو وێنەیەدا نەکرد کە وا دیار بوو بە زیرەکی دەستکرد دروستکرابێت .
وێنەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێک ستایشی هەستی نوکتەیی سەرۆک ترامپیان کرد، هەندێکیشیان ڕەخنەیان لێگرت کە ڤاتیکان و سەرۆکەکەی بەو شێوەیە وێنا کردووە.
ترەمپ هەفتەی ڕابردوو بە گاڵتەجاڕیەوە بە پەیامنێرێکی ڕاگەیاند، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی بۆ پاپای نوێ، "من زۆرم پێ خۆشە پاپا بم، ئەوە هەڵبژاردەی یەکەمی من دەبێت".
ڤاتیکان ڕۆژی هەینی شووشەیەکی لە سەرووی سەقفی کەنیسە سیستینەکانەوە دانا، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرەی کاردیناڵەکان کە لە ٧ی ئایارەوە دەستپێدەکات بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ.
لە کۆتایی هەر دانیشتنێکی دەنگدانی کاردیناڵەکان کە لەناو کڵێساکەدا کۆدەبنەوە، کاغەزەکانی دەنگدان لەناو شووشەیەکدا دەسوتێنرێن. دوکەڵی ڕەش لە شووشەکەوە بەرز دەبێتەوە، لە گۆڕەپانی سانت پیتەرەوە دیارە، ئەگەر هیچ جێنشینێکی پاپا هەڵنەبژێردرێت. دوکەڵی سپی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کەنیسەی کاسۆلیکی پاپای باڵای نوێی هەیە.
هەڵبژاردنی پاپای نوێ لە ڤاتیکان
دوای کۆچی دوایی پاپا فرانسیس لە ٢١ی نیسان لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کاردیناڵەکان لە سەرانسەری جیهان بانگهێشتی ڕۆما کران .
135 کاردیناڵ هەڵبژێردراون، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵەوەیە، بەڵام تەنها 133 کەسیان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، کە لە 7ی ئایارەوە دەستپێدەکات، بۆ هەڵبژاردنی جێنشینی پاپا فرانسیس بە نهێنی تەواو لە پرۆسەیەکدا کە دەتوانێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
لە ڕۆژی یەکەمدا یەکەم پرۆسەی دەنگدان هەیە، دواتر چوار پرۆسەی دەنگدان لە ڕۆژێکدا، دوو پرۆسەی دەنگدان لە بەیانیان و دوو پرۆسەی دەنگدان لە ئێواران.
پاپا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەڵدەبژێردرێت، واتە لانیکەم ٨٩ دەنگ.
ئەگەر هیچ کاندیدێک لە دەنگی یەکەمی بەیانیدا دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، کاردیناڵەکان دەنگی دووەم دەگرن و دوکەڵەکە ئازاد دەکرێت.
هەمان شت بۆ دانیشتنی پاشنیوەڕۆش دەگونجێت. ئەگەر لە دەنگی یەکەمدا پاپایەک هەڵبژێردرا، دوکەڵی سپی بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر نەبوو، کاردیناڵەکان دەنگی دووەم دەگرن بەبێ ئەوەی دەنگەکان بسوتێنن.
ئەگەر دوای سێ ڕۆژ پاپای نوێ هەڵنەبژێردرێت، دەنگدان بۆ یەک ڕۆژ ڕادەگیرێت کە لەو ماوەیەدا نوێژ دەکرێت، خولی زیاتری دەنگدان ئەنجام دەدرێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی کۆتایی.