لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پێگەی تایبەتی خۆی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوە کەوا پرۆژەی روناکیان گەیاندۆتە چەند گەڕەکێکی شآری هەولێر و دوو گەڕەکی شاری سلێمانی
لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ دوازدە گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر و دوو گەڕەکی شاری سلێمانی. گەڕەکەکانی هەولێر بریتین لە (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی) و گەڕەکەکانی سلێمانیش بریتین لە (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک).
ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوومەندبوون لە پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کرا و بەمزووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون، لە 43 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە یەکسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە.