سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی ڕایگەیاند، ئەو ئاگربەستە کاتییەی کە ڕووسیا بە بۆنەی 80 ھەمین ساڵیادی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی جیھانیی دووەمدا ڕاگەیاندووە، ھەوڵێکی یاریکردنە.
دوێنێ دووشەممە سەرۆکایەتی ڕووسیا "کرملین" بە بۆنەی 80 ھەمین ساڵیادی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی جیھانیی دووەمدا، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئۆکراینا ڕاگەیاندبوو.
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە: "سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە لە ئۆکراینا.
ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بۆ چرکەیەکیش بەردەوام بێت و ھەمیشە ئامادەین لەگەڵ سەرجەم ھاوبەشەکانیاندا پێکەوە کار بکەین، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاشتی بەدی بێت، ھەروەھا ئاسایش دەستەبەر بکرێت".
سەرۆکی ئۆکراینا سەبارەت بەو ئاگربەستە کاتییەی کە ڕووسیا لە نێوان ڕۆژانی 8 بۆ 11ـی مانگی ئایاری داھاتوو ڕاگەیاندووە، گوتوویەتی: "ئێمە ئێستا ھەوڵێکی نوێی یاریکردن دەبینین، ھەمووان دەبێت چاوەڕوانی 8ـی ئایار بکەین کە تیایدا ئاگربەست لەگەڵ نمایشە سەربازییەکانی پوتین ئەنجام بدرێت.
ھەروەھا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی ھۆشداری ئەوەشی داوە کە دەستپێکردنەوەی شەڕ دوای ئاگربەست، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خەلێکی زیاتر ببن بە قوربانی.