ریاڵ مەدرید لە کۆتایی وەرزدا ئەنچیلۆتی لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان دووردەخەنەوە و ئەلۆنسۆ بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێتە راهێنەر.
پاش شکستی یاری کلاسیکۆ و کرانەدەرەوەی ریاڵ مەدرید لە جامی شا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەرپرسانی مێرێنگی بڕیاریانداوە کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ئەرکی سەرپەرشتی کردنی یانەکەیان دووربخەنەوە.
تۆڕی ریلیڤیۆ بڵاویکردووەتەوە یانەی شاهانە لە کۆتایی وەرزدا ئاهەنگێکی گەورە بۆئەو راهێنەرە ئیتاڵییە ئەنجام دەدات و رێز لە دەستکەوتەکانی دەگرێت کە بۆ یانەکەیانی بەدەست هێناوە.
تۆڕە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کارلۆ ئەنچیلۆتی راستەوخۆ پاش کۆتایی هاتنی لەگەڵ ریاڵ مەدرید پۆستی راهێنەرایەتی بەرازیل وەردەگرێت و لەو هەڵبژاردەیە دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە کاروانی راهێنەرایەتیدا.
سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاویکردووەتەوە ریاڵ مەدرید لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ گەشتووەتە ڕێکەوتن و لە کۆتایی وەرزدا ئەو راهێنەرە لە ئەرکی سەرپەرشتی کردنی بایەر لیڤەرکوزن دەست لەکاردەکێشێتەوە و بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێتە راهێنەری مێرێنگی و سەردەمێکی نوێ لەویانەیە دەست پێدەکات.