ئەمڕۆ شازدەی مانگ و سبەی هەڤدەی چوار دیداری زانکۆی ئەمەریکی سلێمانی کە بەدیداری سلێمانی ناوی ڕۆیشتوە بەڕێوە دەچێت، دیدارەکە لەسەرو بەندی یادیسی و حەوت ساڵەی ئەنفالدایەو نۆیەمین دیدارە، دکتۆر بەرهەم ساڵح بەوە ناسراوە پیاوێکی بە ئاگایەو وردە لە خوێندنەوەدا، هەروەها بەچاوێکی گرنگیشەوە سەیری پرسی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەی دەکات، دەکرا، لەم دیدارەدا ئەوە ڕەنگی بدایەتەوەو ڕۆژی یەکەمی دیدارەکەی لەمۆنۆمێنتی ئەنفال لەچەمچەماڵ بەڕێوە بردبا، کە هۆڵ و شوێن و ڕێ ئامادەبوو، دەبوە هەنگاوێکی گەورەش بەوەی ئەو هەموو بەرپرس و سەردارەی بهێنایەتە خزمەتی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی کورد،کەهەندێکیان مەگەر ئاوا دەنا هەرگیز ئامادەنین بێنە شوێنگەلی وەک چەمچەماڵ کە شاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە.
ئەگەر بەرهەم ساڵح بڕیاری بدایە ڕۆژی یەکەمی دیدارەکە لەچەمچەماڵ و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بەڕێوە دەچێت بڕواناکەم زانکۆ لاری هەبوایە، جگە لەوەش خۆ ئەگەر بەرپرسێک و سەردارێک خۆی نەیویستبایە بێت، ئەوەخۆی بەر پرسیار دەبوو لەوەی ڕێزی ئەو شوێنە پیرۆزە ناگرێت، ئەوەندەی من بزانم خەڵکی چەمچەماڵ و شۆڕش زۆربەیان بەرهەم ساڵحیان خۆش دەوێت، گەرچی لەسەردەمی حوکمداری ئەوەوە تا ئەمڕۆش پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هێنانی دیدارەکە بۆ چەمچەماڵ بایەخ و گرنگی خۆی دەبوو، لانی کەم هەر لەوێش دەکراپرسی ئەنفال ومجینۆسایدی کورد بخرایەتە بەر باس و یارو نەیار ببرانایەتە سەر گۆڕی قوربانیەکان.
لەهەموو دنیادا ئەمجۆرە دیدارە گرنگانە دەبرێتە هەندێ شوێن بۆ ئەوەی ئازارو ژیارو شارستانیەتی خۆیان نیشانی ئەوانی تر بدەن، چەمچەماڵ، جگە لەچەرموو قەڵاو نەوت وغازو مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوانیشی لێیە لەوە زیاتر چی؟.