ئەمڕۆ چوارشەممە (16ی نیسانی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نۆیەمین دیداری سلێمانی لە وتارەکەیدا جەختیکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەت، بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.
لە وتارەکەیدا بارزانی ڕایگەیاند، پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بە دەستووری عێراق وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییە دووپاتدەکەینەوە، پێمانوایە دەستوور بە بنەماکانی فیدراڵی و فرەیی و شەراکەتی، زامنی ڕاستەقینەی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە بەبێ جیاوازی".
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، نێچیرڤان بارزانی وتی: بەهەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی گرفتەکان هاتونەتە پێش.
هەروەها سەرۆکی هەرێم داوای جێبەجێکردنی بەپەلەی یاسای گێڕانەوەی موڵک و کاراکردنی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، "گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ هەموو کێشەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات، لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانیدا، و گەرەنتی و مسۆگەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەمووان بکات".
بارزانی ڕوونیشیکردەوە، "پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی هەلومەرج و تەحەددیاتی ئێستای هەرێمدا کارا بکرێتەوە، بۆیە ئەرکی سەرەکی پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوون، پەلەکردنە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بۆ هەرێم، کابینەیەک کە وەڵامی خواستی هاووڵاتیان بداتەوە و توانای مامەڵەکردنی هەبێت بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ پێشهاتەکان و". تەحەددیاتەکان."
لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە دۆخی تورکیا و سوریا وتی، ئەوەی لە تورکیا هاتوەتە ئاراوە هەنگاوێکی مێژوییە و بەهەمو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکەن، لە سوریاش پێویستە مافی تەواوی پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبایی خۆی بۆ خەڵکی هەڵەبجە نوێ کردەوە بەبۆنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکی تر دەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە شارەکە و خەڵکی ناوچەکە.