Apora Logo

کیمیاباران وئەنفالی دۆڵی بلەو مەلەکان ودۆڵی ئالانە

کیمیاباران وئەنفالی دۆڵی بلەو مەلەکان ودۆڵی ئالانە

سەعید عوسمان

16/4/2025



 کیمیاباران و ئەنفال گەورەترین کاولکاری و پرۆسەی لەناو بردنی نەتەوەی کورد بوو لە باشوری کوردستان . ئەوشوێنانەی ڕژێم دەستی پێنەگەیشت بە بۆردومارانکردنی بۆمبی کیمیایی لەڕێگای فڕۆکە دەستی پێکرد ، ئەنفالیش بەچەند قۆناغێک جێبەجێ کرا ، بەم هۆیەوە هەزاران گوند وچەندین شارۆچکە وێران کران ، خەڵکەکەشی بەژن و منداڵ و پیروپەککەوتە ڕاپێچی بیابانەکانی خوارووی ئێراق کران ، پاش ئەوەی جیاکردنەوەی تەمەن و ڕەگەزیان بۆ کرا ، زیندە بەچاڵ کران . ژمارەیەکی زۆریش لەبەرگەرمای بیبان و برسیەتی و تینویەتی و نەخۆش کەوتن هەرلەڕێگا یاخود لەنوگرەسەلمان مردن ژمارەیەکەم توانیانیا لەدێهاتەکان ڕزگاریان ببێ لە بیابانەکانیش هەندێک لەوانەی پیرو باساڵاچوبوون ناردنیانەوە ناوچە شاخاویەکانی کوردستان ، دۆڵی زۆر حاسێ و قووڵ و پڕ ئەشکەوت و پەناگەهەن کەهەریەک لەو دۆڵانەش چەندین گوندی گەورەو بچووک هەن ، کە بەدرێژایی ڕۆژگارو شۆڕشەکان شوێنی حەوانەوەو هاوکاری بوون ، چەندین دۆڵ هەن بوونەتە وێردی زمانی بیرەوەریەکان ئەم دۆڵانەش زۆربەیان بارەگای سەرکردایەتی و نەخۆشخانەو ڕادیۆو کۆگای تەقەمەنیان لێبووە وەک دۆڵی ئاکۆیان و دۆڵی خانەقا و دۆڵە ڕەقەو دۆڵەکوکەو دۆڵی جافایەتی و بالیسان و ئاڵانەو مەلەکان و دۆڵەبەفرە و سماقوڵی و هیران و نازەنین و دۆڵی شەهدان و ناوچەی بەری مەرگەو بناری قەندیل و باڵەکایەتی ، لەگەڵ چەندین دۆڵ و شوێنیتر . ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم دۆڵی مەلەکان و دۆڵی ئاڵانەیە، دیارە کەدۆڵی ئاڵانە بەدۆڵی بالیسان دەبەسترێتەوە و درێژتریش دەبێتەوە ئەو دوو دۆڵەش بەزنجیرە شاخێک و چەند لوتکە بە ناوی جیاجیا لەدۆڵی مەلەکان جیا دەکرێنەوە وەک ئیرۆن وسەرباری خەتێ وخاسۆر وشۆپەو دەرەدار و ساردەمۆر و گۆڕێ شاخی سۆرو دەرەشیر ، دۆڵی مەلەکان ۱۰ گوند لەخۆدەگرێ (خەندۆر، بلەی ژێری ، بلەی ژۆری ، بەردووک ،کەندۆر ، تارینانی خوارێ ، تارینانی سەرێ ، گۆڕەشێر، مەلەکان ، سەروچاوی باران ). ئەم گوندانە لەنێو دۆڵایی و سروشتێکی جوانی پڕدرەخت و ئاوی سازگار ، گیانی تەبایی و پێکەوەیی و هاوکاری یەکتر بوون . لەبەر نەبوونی ڕێگای ئەتۆمبێل و جوگرافیایەکی سەخت و پڕ ئەشکەوت و پەناگە بۆتە شوێن پێی مانەوەو پێدا ڕۆیشتنی پێشمەرگە، ڕۆژانێک ئەو مەملەکەتە پڕ بوو لەکەسانی شۆڕشگێڕی خۆجێیی و ئەوانەی لەشوێنەکانی تر ڕوویان تێکردبوو . پێشمەرگەکان هەموویان میوانی ڕۆژانەو هەمیشەیی ئەوگوندانەبوون بەتایبەت گوندی مەلەکان کە بەهۆی بوونی چەندین ئەشکەوتی گەورەو نزیک بەیەکتر بارەگای حیزبەکان و نەخۆشخانەو کۆگای تەقەمەنی و چەک و جبەخانەی لێبوو، ئەونەخۆشخانەیە نەشتەرگەری لێدەکرا و ئامێری تیشکی لێبوو ، دکتۆر زریان و دکتۆر چیا و چەند یاریدەدەرێک بەڕێوەیان دەبرد ، بۆخەڵکی ئەوگوندانەش بوونی گرنگ و باش بوو. مەلەکان گوندێکی گەورەبوو لەسەرەتای هەشتاکان چەند سەد ماڵێکی لێبوو ، کەبەسەر چەندگەڕەکێک دابەش ببوون هەریەک لەوگەڕەکانەش ناوی ئەو بەرەبابەی وەرگرتبوو کەلێی بوون وەک گەڕەکی سۆمەرو گەڕەکی سولی و گەڕەکی حەسکەو زەرەخ و مارێ وەسمانی و کەلکان کەگەڕەکی ئەشکەوتانیشیان پێ دەوت ، بەڵام ئەو گوندەو گوندەکانی تر بەرەبەرەچۆڵ دەبوون ، مەلا بوڕهان ئەوکات کەهەم پێشمەرگەبوو هەمیش خەڵکی گوندو ئەنجومەنی گوندیش بوو ، وتی لەکیمیابارانەکە هەشتا ماڵێکی لێ مابوو . ئەم دۆڵە هیچ ڕێگایەکی ئۆتۆمبێلی پێ نەگەیشتبوو تەنها چەندڕێێگایەک هەبوون ، خەڵکی ئاواییەکانی ئەم دۆڵە پێیدا ڕەت دەبوون بۆ خەلیفان و خۆشناوەتی و دۆڵاکۆ و بتوێن وەڕێگای گەری بلە و دەرەشیر ، حکومەت نەیدەتوانی پێ بنێتە ناوی ، بۆیەتاکە تاکە بژاردەی ڕژێم کیماباران کردن بوو ، ئەوەش ڕوویدا ، خاتوو ڕەند مستەفا بەهەناسەسواری ئەوڕۆژەی بەناخۆشترین و جەرگبڕترین ڕۆژ ناساند و وتی " ڕۆژی پێنج شەممە بەدووڕۆژ پێش جەژن هاوسەرەکەم گیسکێکیی سەربڕی و خۆمان بۆجەژن ئامادە دەکرد و جل وبەرگمان بۆمنداڵەکان کڕیبوو ، بۆڕۆژی دواتر پێش جەژن کە ڕۆژی هەینی و بەیانی زووبوو کاتژمێر ۷ بۆ ٨ی بەیانی بوو ، نزیکەی هەشت فڕۆکە لەپشت ئەو لوتکە شاخانە دەرکەوتن بوردوومانیان دەست پێکرد ، ئێمە نەمان زانی بۆمبەکان کیمیایین ، تا مام ئۆمەر بانگی ڕاهێشت کە ئاگاداربن ئەوبۆمبانە کیمیایین ، سەیرمان کرد دووکەڵێکی سپی هەبوو بۆنی سێو و سیرمان هەست پێکرد ، بۆیە من منداڵەکانم بەپەتوویەک کەلەئاوێم هەڵێنابوو منداڵەکانم پێ داپۆشین ، لێرە هەندێ ڕەوەندی تیرەی مامساری لێبوون ، لێ ئێمەلەبەر خۆمان ئاگامان لەوان نەمابوو ، بەڵام وابزانم ئەوان زوو ڕۆیشتبوون و ئەوەندە کاریگەری بۆئەوان نەبوو ، چونکە دوور کەوتبوونەوە " .




گوندی سەروچاوەی باران


کاک ئەیوب جەلال ئۆمەر یەکێکی ترە لە بریندارەکان و زۆرێک لەخانەوادەکەی شەهیدو بریندار بوون ئاوا گێڕایەوە " ئەوکات منداڵێکی تەمەن نۆساڵ

بووم ماڵمان لەسەروچاوی باران بوو ، تەمەنم گونجاوبوو بۆئەوەی هەموو ڕوداوەکان وەک فلیمێکی سینەمایی بێنمەوە بەرچاو ، هەرجارێک بیرم دێتەوە ئازارێکی زۆر دەبینم چونکە من دووبرام هەبوون یەکیان بە ساڵێک و ئەویتر دووساڵ لەخۆم بچوکتربوون ، ڕۆژانە پێکەوە گەمەمان دەکرد بەداخەوە هەردووکیان لەڕێگا بەرەو ئێران ژیانیان لەدەستدا ، ئەوبەیانییەی فڕۆکەکان هاتن هێشتا زووبوو بەڵام لەگوند خەوی بەیانیان نەبوو چونکەشەوانە زوو دەخەوتین هەمیشە تێرخەوبووین، باوکەم و دایکم زوو هەڵدەستان ڕاهاتبوون بانگی ئێمەش بکەن پێکەوە نانمان دەخوارد ، ڕۆژی پێێش جەژن بوو باوکم ڕۆژی پێشتر ئەسپێکی کڕی و گیسکێکیشی بۆ جەژن سەربڕی ، ئێمە کەلکمان لەئەسپەکە وەرگرت بۆ دەربازبوون ، بەڵام خۆشیەکانی جەژنمان نەبینی ، سەیری ئاسمانی گوندم کرد حەوت بۆهەشت فڕۆکەدەبوون سێ فڕۆکە نزم بوون ئەوان بۆردوومانیان دەکرد ئەوانی تریش بەرز بوون بەئاسمان دەسوڕانەوە ، یەکەم شوێن سەرچاوەی ئاوی سەرووچاوی بارابوو، سەرەتا خەڵکی وایایان دەزانی بۆمبی ئاساین ، دواتر هاواری ئاگادارکردنەوەی کەسانێکمان بەرگوێ کەوت کەکیمابارانە ، چونکە بۆمبەکان دوکەڵێکی سپیان هەبوو ئەم دوکەڵە بەرەو قۆڵایی دەکشاو بۆنی سێو و سیری لێدەهات ، خەڵکەکە پەتوویان هێنان تەڕیان دەکردن خۆیان و منداڵەکانیان پێ دادەپۆشی و دەم و چاویان پێ تەڕ دەکرد ، برایەکم دەم و چاوی ئاوسان و پڕئاوبوون ، من خاولیەکم تەڕ کرد و بەدەم و چاویم داهێنا پێستی هەڵدەستا، کاریگەری ئاوەکە زۆرترو خراپتر دەبوو ، چونکە بۆمبەکە بەنێو سەرچاوەی ئاوەکە کەوتبوون ، فڕۆکەکان بەدۆڵایی شۆڕبوونەوە مەلەکان و بەردوک و بلەی سەرووشیان بۆردومان کرد ، بەڵام شەهیدەکان زۆرتر هی سەروچاوەی باران بوون ، چەند کەسێکیش لەمەلەکان شەهید و برینداربوون ، ئێمە ئەوکات زانیاریمان لە گوندەکانی خواروو نەبوو چونکە ئاراستەی ڕۆیشتنمان بەرەو کورتەک و قەندیل بوو بۆدەرباز بوون ، سەرەتا سەرووی دەکەس شەهیدبوون ، دواتر بەرەبەرە ژمارەکە بەرزدەبووەوە بارەگایەکی پێشمەرگە لەئەشکەوتی سوسێ هەبوو ئەوان تەنها چارەسەری سەرەتاییان لابوو دەرزییەکیان بەکاردێنا سەوزبوو شێوەی ئەودەرزەم نەبینیبوو چەند کەسێک لە گۆڕەشێر هاتن زۆرهاوکاریان کردین ئەوانیش محەمەد گۆڕەشێری ،مام تەها و کەریم ئەحمەدو عوسمان ، ئەسپ و ئێستریان هێنان ئێمەیان سوارکرد بەرەو کورتەک کەوتینەڕێ ، زۆرناخۆشبوو هەندێ لەبریندارەکان مەترسی مردنیان هەبوو بارودۆخیان تادەهات خراپتر دەبوو ، لەکورتەک دووماڵی ڕەوەندی لێبوون ماڵی کەریم ئەحمەد و مام شێخ لەوێ سەریان شوشتین، لەوێ زۆر گیرنەبووین ، ڕۆیشتین بەرەو قەندیل لەویش چەند ماڵە ڕەوەندێکی لێبوون نانیان پێ داین و خزمەتیانکردین ، لەوێ شەهاب ئبڕاهیم پەرداخێک شیری خواردەوە و بەستونی ڕەشماڵەکە هەڵسایە سەرپێ و کەوتەسەر زەوی هەرلەوێ گیانی لەدەست دا ، خۆشم هەر لەوڕێگایە دووبرای لەخۆم بچوکتر شەهید بوون ، کەگەیشتینە دیوی وڵاتی ئێران هەموو جل و بەرگیان داکەندین و خاوێنیان کردینەوە و بەرگی نوێیان پێ داین ، لەوێش بەگوێرەی سەختی برینەکان بۆنەخۆشخانەکانی ڕەزاییەو تاران گوازراینەوە ، تەنانەت بەشێک لە بریندارەکان بۆ وڵاتی بەریتانیاو ئیتاڵیاش نێردران " .



گوندی مەلەکان


ڕووی پرسیارت لەهەرکەسێ دەکرد لەوپەڕی بێزاری وپەشیمانی کۆڵی خۆی هەڵدەڕشت ، مام ڕەحمان وتی باران نەبوایە زۆرتر قوربانیمان دەدا، پاش

ئەوهەموو خزمەتەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی خەڵکی ئەوگوندانە ئا ئەوەیە ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری ! بەداخەوە .

 

 

 

ناوی شەهیدانی کیمیاباران

۱-شەهاب ئیبڕاهیم ئەحمەد

 ٢-زارا ئیبڕاهیم ئەحمەد

 ۳-ڕوناک نادرئۆمەر

 ٤-ڕوپاک نادر ئۆمەر

 ٥-بەیان نادر ئۆمەر

 ٦-ئارام جەلال ئۆمەر

 ٧-جەمال جەلال ئۆمەر

 ٨-خەیریە هاشم عەبدوڵڵا

 ٩-سەفین هاشم عەبدوڵڵا

 ١٠-هەندرێن هاشم عەبدوڵڵا

 ١١-گوڵ ئەحمەد حوسێن

 ١٢-ڕەسوڵ مەولود وسو

 ١٣-حوسێن وەهاب ئیبڕاهیێ

 ١٤-سەنگەر فەیزوڵڵا ڕەسوڵ

 ١٥-فاتیمە حەسەن حەمەد

 ١٦-زوڵێخا ئیسماعیل خدر

 ١٧-سۆفی خدر وسو

 ١٨-حەوێز ئیسماعیل مەحمود

 ٢٩-خەدیجەتاهیر ئیبڕاهیم

 ٢٠-ئۆمەر ئەحمەد

 

ناوی بریندارانی کیمیا باران ئەوانەی کاریگەری لێکردوون یان ئەوانەی بەوهۆیەوە ژیانیان لەدەست داوە :

۱-موحسینە تاهیر ئیبڕاهیم . نێردرایە بەریتانیا

٢-عەتیە ئیسماعیل ڕەسوڵ. نێردرایە بەریتانیا

 ٣-گەلاوێژ ئەبابەکرسالح . نەماوە

 ٤-مستەفا مەولود وسو . نەماوە

 ٥-ڕابیعە ڕسوڵ ئیسماعیل . نەماوە

 ٦-بەسێ ڕەوڵ مەولود . نەماوە

 ٧-ئیسماعیل خدر ئیسماعیل نەماوە

 ٨-یاسین ئیبڕاهیم ئەحمەد. نەماوە

 ٩-ڕسوڵ حەمەد خدر . نەماوە

 ١٠-ئازار موحەمەد حەسەن

 ١١-ڕەند مستەفا حەسەن

 ١٢ٚ-مەغدید ئیسماعیل مەحمود

 ١٣- محەمەد ئیبڕاهیم ئەحمەد. نەماوە

 ١٤-خدر ئەحمەد مەحمود

 ١٥- ئیبڕاهیم محەمەد ئیسماعیل

 ١٦- بەسێ ڕەسوڵ

 ١٧-ئەسمەر محەمەد ڕەسوڵ

 ١٨-سەرهەد نادر ئۆمەر

 ١٩-تەحسین نادر ئۆمەر

 ١٩-حیکمەت هاشم

 ٢٠-ئەیوب جەلال ئۆمەر

 ٢١-سێبور جەبار

 ٢٢-ستار جەبار

 ٢٣-ڕەجەب مستەفا

 ٢٤-لەیل مەحمود

 ٢٥-ڕەحنا ئەبابەکر سالح

 ٢٦-ئایش بۆکر.

 

ئەنفالی دۆڵی مەلەکان ودۆڵی ئاڵانە:

 بەچەند قۆناغێک جێبەجێ کرا، کەخەڵکێکی زۆر لەدێهات وشارە بچوکەکان دوای جیاکردنەوە لەڕەگەز وتەمەن ڕاپێچی بیابانەکانی خوارووی عێڕاق و زیندانی نوگرەسەلمان کران . دۆڵی ئاڵانەو مەلەکانیش بەدەر نەبوون لەم دووپرۆسەیە ، لەدۆڵی مەلەکان گوندەکانی بلەی ژێری و کەندۆر لە 1988/٦/٦ ، لەدۆڵی ئاڵانەش چەند هاوڵاتیەکی گوندی شەڕکان کەئەو کات لەگوندی جۆلەمێرگ دەژیان ئەنفال کران ، تەیوب هەمزە و خزمانی لەگوندی بلەی ژێری بوون وتی بارودۆخمان تابڵێی خراپ بوو هیچ پێداویستییەکی ژیان نەمابوو ، ترسی بۆردوومانکردن و ، هێرشی زەمینیش هەبوو ئێمە چەند جارێک هەواڵمان بۆهات لەلایەن ئاغاکانی ئەم سنووە کە خۆمان بەدەستەوە بدەین بۆ ئەوەی پارێزراو بین ، خەڵکێک زۆر باوەڕیان نەکرد خۆیان ئەودیوی ناوچەکانیتر کرد ڕزگاربوون ، ئێمەش هاتین لەبەرکانی سپیندار هەموومان شەومان بەڕێکرد ، بەیانی بەڕێگەی گەری بلە بەسواری وڵاخ هەموو ئەو مێگەلە بزن و مانگایانەشمان هێنان کەهەمان بوون ، لە گرد کەروێشک کەگردێکە دەکەوێتە دەروازەی خەلیفان بۆ ڕانیە ، چەندین ئیڤای عەسکەری وەستابوون هەموویان سوارکران بەڵام من سوارنەبووم وتم ئەو ئاژەڵانە دێنین لەگەڵ خۆمان ، ئەفسەرەکە ڕەزامەند بوو، من و جەبار زرار وحاجی مەغدید و شەعبان مەجید ماینەوە ، ئەوان وەڕێ کەوتن و ئێمەش ئاژەڵەکانمان دانەپێش خۆمان تاگەیشتینە گوندی کەلەکین لەوێ بۆ گوندی بەنۆکە چوینەماڵی مەلاخالید مەلەکی کە مەلای گوندەکە بوو، من ئەوانم جێهێشت گەڕامەوە گوندی کەلەکین چونکە ماڵی خاریوسف و ئەیوبی برام لەوێ بوون ، ئەیوبی برام لەوکاتە بەنیاز بوو بەدوای کەس وکارماندا بچێتە سەربازگەی سپیلک بۆزانینی سۆراغیان ، باشبوو گەیشتم نەم هێشت بڕوا ، وتم تازە ئەوان گەڕانەوەیان نییە ، باتۆش تیانەچی ، لەوبگرەو بەردەیە باوکم بەدیار کەوت لەسپیلک ناردبوویان بەدوای من ، باش بوو نەمهێشت ئەویش بگەڕێتەوە ، بەداخەوە ئەوانەی لەگوندی بەنۆکە جێم هێشتبوون بەخۆیان و هەموو ئاژەڵەکان بەرەو سپیلک ڕۆیشتبوون ، پێ دەچێ باوکیشم هەرلەسەر قسەی ئەوان هاتبێ کەئەفسەرەکە پرسیاری منی لێکردبن کەپێی وتبن ئەو ڕۆیشت بەرەو کەلەکین ، لەوێ شەعبانیان ئازاد کردبوو چونکە منداڵ بوو تەمەنی ١٠-١٢ساڵ دەبوو ، ئەوانی ترییش تائیستا وەک هەموو ئەنفالکراوانی تر لەبیابانەکان زیندەبەچاڵ کران .

من دایکم و برایەکم ومامم و دوو لەئامۆزاکانم و چەند خزمێکیتر لەگەڵ ئەوانە بەر شاڵاواکە کەوتن ، دوای وێرانکردنی تەواوی گوندەکانی دۆڵی ئاڵانەو مەلەکان لەم سنورە زۆرێک لەخەڵکی گوندەکانی بلەو شەڕکان و ئالانەو ئاکۆیان وفەقیان ڕویان کردە گوندی جۆلەمێرگ کەم ماڵ هەبوو خێزانێک یان دوانی لەخۆنەگرتبێ ، تاماوەیەکی باش مانەوە دواتر گوند جۆلەمێرگیش بڕیاری وێرانکردن و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بۆ کۆمەڵگای باسرمە درا، سەربازێکی زۆر لەگوند بڵاوەی پێکراو جیا لەوەی چواردەوری گوندیش بەسەرباز تەنرابوو ، خەڵکێکی زۆریان لە ئەوانەی هاتبونە گوندو هەندێکیش لەخەڵکی گوند ڕاپێچی پشتەوەی ئیڤاکانی عەسکەری کران ، بەڵام لەڕێگا کەسێکی دەست ڕۆیشتوو لەئاغاکان هاتبوو چەندکەسێکی ڕزگارکردبوو ، هەندێکیش ئەنفال کران ، ئەو ماوەیە بۆگوندی جۆلەمێرگیش زۆرناخۆش بوو ڕۆژانە تەقە لەگوند وناو باخ و کێڵگەکانی کشوکاڵ دەکرا ، تاڕۆژێک بەم هۆیەوە ژنێکی گوند بەرکەوت وشەهید کرا ، دوای ئەوڕوداوانە ئەم گوندەش وێران کراو خەڵکەکەی زیاتر بەرەو باسرمەبردران هەندکیش لە خەلیفان گیرسانەوە.

 

ناوی ئەنفالکراوەکان.

١-مریم حەسەن ئەحمەد

 ٢-حەسەن هەمزە

 ٣-قادر عەزیز ئەحمەد

 ٤-خورشید عەزیز ئەحمەد

 ٥-عومەر حەمەد هەمزە

 ٦-سەعید ئەبابەکر حاجی

 ٧-نەجم حەمەد ئاغا

 ٨-جەوهەر حەمەد ئاغا

 ٩-بەهرام خدر حەمەد

 ١٠-جەبار زرار ئەحمەد

 ١١-مەولود زرار ئەحمەد

 ١٢-مەغدید حەمەد هەمزە

 ١٣-ئەنوەر مەغدید هەمزە

 ١٤-نەجمەدین مستەفاڕڕەسوڵ

 ١٥-فەتحوڵڵا ەمید حەمەدەمین

 ١٦-حەمەدەمین فەتحوڵڵا حەمید

 ١٧-زاهیر عەبدوڵڵا قادر

 ١٨-مەجید حەمید حەمەدەمین

 ١٩-حەسەن عەزیز (حەسەنە گەورە)

٢٠-ڕەسوڵ مەجید

 

ئەنفالکراوانی گوندی کەندۆر:  

 ١-فەیزوڵڵا یوسف مستەفا

 ٢-محەمەد یوسف مستەفا

 ٣-جوبڕائیل یوسف مستەفا

 ٤-سەلاح حوسێن مستەفا

 ٥-شەریف قادر مستەفا

 ٦-ئەحمەد خدر

 ٧-حوسێن سالح ئەسعەد

 ٨-عەبدوڵڵا هەمزە حەمەد

 ٩-حەمتدهەمزە حەمەد

 ١٠-ئیبڕاهیم جەلال هەمزە

 ١١-جەلال هەزە حەمەد

 ١٢- ئەنوەر ئەحمەد خەڵکی گوندی ئاکۆیانی ڕواندز بوو

 

ئەوانەی خۆیان دەربازکرد وڕایان کرد:

 ۱-عەبدول ڕەزاق هەمزە

 ٢- تاهیر عەبدوڵڵا قادر

 ٣-ئاودەل قادر حەمەدەمین

 ٤-خۆخ حسن حمد

 

ئەنفالکراوانی گوندی شەڕکان:

 ١- حەمید حەمەد حارس

 ٢-حسێن سۆفی متەفا

 ٣-خدر حوسێن

 ٤-مستەفا قادر

 ٥-جەلال

 ٦-هەینی ئیبڕاهیم بلەیی

 ٧-ئیبڕاهیم حوسێن بلەیی.


 

 

 

 


گوندی ئاڵانە

;