پاش ئەوەی هەڵەبجە کرایە 19ـهەمین پارێزگای عێراق، میدیا عێراقییەکان باسلەوەدەکەن، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنیداوە، قەزای تەلەعفەریش بکاتە پارێزگایەکی دیکەی عێراق.
موختار موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنیداوە کە بڕگەیەکی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بکرێت بە دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی قەزای تەلەعفەر.
وتیشی، “پێشنیازی بەپارێزگاکردنی تەلعەفەر پێشهاتێکی نوێ نییە، بەڵکو زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا پێشنیار کراوە، بەڵام ئەوکات رژێمی پێشوو بڕیاری دواخستنی داوە، بەڵام پێشنیازەکەی ئێستا، هەڵگری هیچ رەهەندێکی نیشتمانی و تائیفی نییە و لەپێناو زامنکردنی مافەکانی خەڵکی ئەو قەزایەیە”.
تەلعەفەر لەڕووی رووبەرەوە یەکێکە لە گەورەترین قەزاکانی عێراق و دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، دانیشتووانەکەی بە 300 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.
میدیا عێراقییەکان باسلەوەدەکەن، سەرەڕای گرنگیی شوێنی جوگرافی و دیمۆگرافییەکەی، قەزاکە بۆ دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستنی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا