سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەكات، دوای ئامادەكردنی تەرازووی پێداچوونەوە ( میزان مراجعە)ی مانگی 3 و رەوانەكردنی پشكی بەغدا، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران رەوانە دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی نیسانی 2025 سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند " زیاتر لە هەفتەیەكە دەست بە ئامادەكردنی تەرازووی پێداچوونەوە كراوە، ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدایە و بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت، دوای ئەوە پشكی بەغدا لە داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت، پاش ئەو هەنگاوەش دەستدەكرێت بە رەوانەكردنی لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
لەبارەی بڕی داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی ئادار ئەو سەرچاوەیە وتی، "لە مانگێكەوە بۆ مانگێك دەگۆڕێت و بڕەكەی جێگیر نییە، تاوەكو تەرازووی پێداچوونەوە تەواو نەبێت نازانین بۆ مانگی ئادار چەندە."
لەبارەی لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران، ئەو سەرچاوەیە وتی، لیستەكە وەكو مانگی یەك، دوو و سێ لەلایەن شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتەكەوە بۆ بەغدا دەبردرێت.