Apora Logo

بەشێك لەو خانەنشینانەی كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، چوار مووچە بەیەکەوە وەردەگرن

بەشێك لەو خانەنشینانەی كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، چوار مووچە بەیەکەوە وەردەگرن

تا ئێستا لە كۆی 16 هەزار خانەنشینی سلێمانی نزیكەی 600 خانەنشین مامەڵەكانیان تەواو بووە

13/4/2025

وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی بۆمانگی چوار، بەشێك لەو خانەنشینانەی كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، چوار مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، جەختیش دەكاتەوە كە تا ئێستا لە كۆی 16 هەزار خانەنشینی سلێمانی نزیكەی 600 خانەنشین مامەڵەكانیان تەواو بووە.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم ڕاگەیاند: پرۆسەی تەواوكردنی مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق خانەنشین بوون بەردەوامی هەیە، بەڵام پرۆسەكە تا ئیستا بەخاوی بەڕێوەچووە چونكە سەرجەم مامەڵەكان ڕەوانەی هەولێر كراون و لەوێ‌ كارەكانیان بۆ تەواو كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕیارێك دەركراوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سارەكان كراوە كە لەمەودوا مامەڵەی خانەنشینی فەرمانبەران لە سنوری پارێزگاكانی خۆیان بكرێت، ئەوەش بڕیارێكی باشە و وادەكات مامەڵەی خانەنشینان بەخێرایی تەواو ببێت.

وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مانگی چوار بەشیك لە خانەنشینان چوار مووچە پێكەوە وەردەگرن، ئەوەش ئەو خانەنشینانەن كە لەمانگی 11ی ساڵی ڕابردووەوە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، هاوكات تا ئیستا لە كۆی 16 هەزار خانەنشینی سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 600 خانەنشین مامەڵەكانیان تەواو كراوە.


;