بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی ئاشكرایدەكات كە وەزارەتی دارایی هەرێم بە فەرمانێك داوای لە وەزارەت و گەنجینە و یەكەژمێریارییەكان كردووە كە ژمارەی ئەندامانی ئامادەكردنی لیستی مووچە لە لە پێنج كەسەوە بۆ دوو كەس كەم بكەنەوە، هاوكات تا ئەمڕۆش فەرمان نەهاتووە بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بە میردیاکان دراون ئەوە خراوەتە ڕوو هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سیستەمی پەیرۆڵ بۆ ئامادەكرنی لیستی مووچە كاراكرا، بەڵام دواتر بەفەرمانێك كە لەوەزارەتی داراییەوە ئاراستەی وەزارەت و دەستە و یەكە ژمێریارییەكان كراوە كە ژمارەی ئەندامانی ئامادەكردنی لیستی مووچە لە پێنج كەسەوە بۆ دوو كەس كەم بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ لیستی مووچەی مانگی سێ ئەندامانی لیژنەی ئامادەكردنی لیست پێكهاتبوون لە هەریەكە لە ( بەڕێوەبەری فەرمانگە، بەرێوەبەری وردبینی، ڕێكخەری مووچە، بەرپرسی ژمێریاری و ئەندامێكی یەدەگ) بەڵام بۆ ئەم مانگە کە مانگی چوارە ، بڕیار دراوە تەنها ( بەڕێوەبەری فەرمانگە لەگەڵ بەڕێوەبەری وردبینی) لە ئامادەكردنی لیستی مووچە بە سیستەمی پەرۆڵ بمێننەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، كەمكردنەوەی ئەو ئەندامانەی لیستی مووچە هیچ كاریگەری لەسەر ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار نابێت، چونكە بۆ لیستی مانگی چوار هەمان ئەو لیستەیە كە بۆ مانگی سێ ئامادەكرابوو بە چەند گۆڕانكاریەكی كەمەوە، بۆیە لەگەڵ هاتنی فەرمانی ئامادەكرنی لیست لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێر لیستەكە ئامادە دەكرێت بەڵام تا ئێستا ئەو فەرمانە نەهاتووە.