ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند سەرکردەیەکی ئەو گروپانە ئەنجامی باشیان هەبووە و گروپەکان ئامادەیی خۆیان پشانداوە بۆ بانگەوازەکەی ئەمەریکا بۆ دانانی چەک، چونکە ترسیان هەیە لەلایەن ئەو وڵاتەوە راستەوخۆ بکرێنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە لەدوای ئەو هۆشدارییە بەردەوامانەی ئیدارەی ئەمریکاوە دێت بۆ بەرپرسانی عێراقی کە خۆیان لە ئاڵۆزی و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بەدووربگرن، لای خۆشیانەوە بەرپرسانی ئەمریکی ئەم هەنگاوەیان بە درێژمەودا هەژمارکردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، لە کۆی ئەو لایەنانەی بڕیاری چەکدانانیان داوە، شەشیان سەرکردەی ناوخۆیی و چوار گروپی عێراقین و پێشتر حکومەت ئاگاداری کردووەنەتەوە ئەگەر خۆیان هەڵنەوەشێننەوە ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی بەئامانجیان دەگرێت.