ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری ئاشکرا کرد کە تیایدا دەریدەخات سەرکردەکانی بزووتنەوەکە یەحیا سینوەر و محەمەد دیف (کە چەند مانگێک پێشتر لە کاتی شەڕی سەر غەززەدا کوژراون) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١دا نامەیەکیان بۆ فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی ناردووە و داوای پشتیوانی لە پلانەکانی بزووتنەوەکەیان کردووە بۆ داگیرکردنی ئیسرائیل، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا جێبەجێکرا.
کاتز لە میانی سەردانێکیدا بۆ یەکەی کۆکردنەوەی هەواڵگری و دەستکەوتە نایاساییەکانی تەکنیکی کە بە ئاماشات ناسراوە، گوتی: بۆ یەکەمجار لێرە بەڵگەیەک دەخەمەڕوو کە لە تونێلی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە غەززە دۆزراوەتەوە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و یەحیا سنوەر و محەمەد دیف دەسەلمێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی ئێران بۆ پلانی حەماس بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەڵگەنامەکەدا داوا لە فەرماندەی سوپای قودس دەکەن 500 ملیۆن دۆلار بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بگوازێتەوە".
بەڵگەنامەکە ئاشکرای دەکات، کە حەماس لە ماوەی دوو ساڵدا مانگانە داوای ٢٠ ملیۆن دۆلاری لە ئێران کردووە بۆ ئەوەی "بە ئامانجە گەورەکە بگات، کە لە ڕێگەیەوە بەگوتەی خۆیان ڕووخساری جیهان دەگۆڕن".
لە نامەکەدا هاتووە: "دڵنیاین کە تا کۆتایی ئەم دوو ساڵە، یان لەو ماوەیەدا ئینشاللە، ئەم کیانە دڕندەیە لە ڕەگەوە هەڵدەبڕین و کۆتایی بەم سەردەمە تاریکە لە مێژووی میللەتەکەماندا دێنین."
کاتز گوتیشی: سەعید ئیزادی، بەرپرسی فیرقەی فەلەستینی سوپای پاسدارانی ئێران داواکارییەکەی قبوڵکردوەو گوتویەتی؛ ئێران سەرەڕای بارودۆخی ئابووری سەخت و ئازارەکانی گەلی ئێران، بەردەوام دەبێت لە ناردنی پارە بۆ حەماس، چونکە خەبات دژی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پێشینەی کارەکانی ڕژێمی ئێرانە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەشڵێت، دەرەنجامەکە ڕوونە ئێران سەری مارەکەیە و سەرەڕای هەموو ئینکارییەکانی، لە هەموو ناوچەکاندا، لە غەززەوە، لە ڕێگەی لوبنان، سوریا، کەرتی ڕۆژئاوا و ئێستا لەگەڵ حوسییەکان لە یەمەن، هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدەن.
ئاشکراشیدەکات، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، بەردەوامیش دەبێت لە لێدانی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا تا میحوەرەکەی خراپەکاری ئێران تێک ودەشکێنرێت.