هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، 52 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی رەوانەی بنکەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکات.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئەو هاوکارییە سەربازییانە لە دەروازەی وەلیدی سنووری لە رێگەی هەرێمی کوردستان و تەل کۆچەرەوە گەیەندراونەتە بنکەی سەربازیی قەسرۆک و خرابە جیر.
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوکارییەکان چەک و پێداویستیی سەربازی و پێداویستیی پزیشکی و سووتەمەنییان تیادابووە.
روانگەکە باسی لەوەشکردووە، بە درێژایی رێگاکە، درۆنی سەربازیی چاودێریی کاروانەکەی کردووە .
رۆژی 31ـی مانگی رابردووش، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، 30 بارهەڵگری دیکە چەک و پێداویستیی سەربازیی گەیاندە بنکەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
هاوکات لەگەڵ ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ بنکەکانی، هێزەکانی ئەمریکا مەشق و راهێنانی سەربازی بە چەک و تەقەمەنیی زیندوو لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە ئەنجامدەدەن، وەک ئامادەکاری بۆ هەر مەترسییەکی ئەمنی رووبەڕوویان ببێتەوە.