Apora Logo

زاناکان ٤ خۆراک دیاری دەکەن کە ڕەنگە بتباتە تەمەنی ١٠٠ ساڵ

زاناکان ٤ خۆراک دیاری دەکەن کە ڕەنگە بتباتە تەمەنی ١٠٠ ساڵ

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە هەندێک خۆراک بەشداربن لە تەمەنی درێژتر، لەکاتێکدا هەندێک خووی خواردن لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی پێشوەختە.

5/4/2025


توێژینەوەیەکی ئەم دواییە ئاشکرایکردووە، پابەندبوون بە ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە میوە و بەرهەمە شیرەمەنیەکان و گوێز و زەیتی تێرنەکراو ڕەنگە ئەگەری ژیان بۆ ١٠٠ ساڵ زیاد بکات.


زانایانی ئیسپانیا بۆیان دەرکەوتووە کە خۆراکی دەوڵەمەند بە گۆشتی بێ چەوری و پەلەوەر و دانەوێڵە و جۆرەها میوە و سەوزە دەتوانێت مەترسی مردنی پێشوەختە بە ڕێژەی زیاتر لە 20% کەم بکاتەوە. ڕێجیمی دەریای ناوەڕاست لە مێژە بابەتێکی گفتوگۆ بووە سەبارەت بە نهێنی تەمەن درێژ و تەندروستەکەی ئیتاڵی و ئیسپانییەکان، ئەمەش بەهۆی کەمی ڕێژەی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ڕێجیمەوە. 


توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی مەدریدەوە ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە کە چوار خۆراک کلیلی کەمکردنەوەی مەترسی مردنن: میوە , بەرهەمە شیرەمەنیەکان , گوێز , و زەیتی تێرنەکراو وەک زەیتی زەیتون و زەیتی گوڵەبەڕۆژە.


لە بەرامبەردا خواردنی خواردنەوە گازییەکان و شیرینیەکان ئەگەری مردنی پێشوەختە زیاد دەکات.


توێژەران کە دۆزینەوەکانیان بە گرنگ وەسف کردووە، داوایان لە خەڵک کردووە خۆراکی دەریای ناوەڕاست بگرنەبەر و ئاماژەیان بە "سودەکانی تەندروستی بەرچاو و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر هەسارەکە کردووە".


هه ڕوه ها ڕوونیان کرده وه که ئه م سیستمه هاوکاره له که مکردنه وه ی چانسی تووشبوون به نه خۆشی درێژخایه ن و مردنی پێشوه خت.


ئەنجامی توێژینەوەکە


لەم توێژینەوەیەدا توێژەران بەدواداچوونیان بۆ بەکارهێنانی خۆراکی زیاتر لە ١١ هەزار کەس کردووە کە تێکڕای تەمەنیان ٤٨ ساڵە، پابەندبوونیان بە دوو ڕێجیم هەڵسەنگێندراوە: ڕێجیمێکی تەندروستە هەسارەییەکان (PHD) و ڕێجیمەکەی دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ خواردنی ١٥ گروپی خۆراک کە لە هەردوو ڕێجیمەکەدا هەڵسەنگێندراوە.


"خۆراکی تەندروست هەسارەیی" ڕێجیمێکی ڕووەکییە و گرنگی بە کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت دەدات، ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییە و باشترکردنی کاریگەرییەکانی کشتوکاڵ لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا. لە کاتێکدا خۆراکی دەریای ناوەڕاست گۆشتی سوور بە ڕێژەیەکی مامناوەند و پەلەوەر و ماسی چەور و میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو و زەیتی زەیتون لەخۆدەگرێت.


کاریگەری ژینگەیی هەر خۆراکێک بە بەکارهێنانی بنکەیەکی زانیاری هەڵسەنگێندرا کە بەدواداچوون بۆ دەردانی گازی گەرمخانەیی و بەکارهێنانی زەوی دەکات. لە ماوەی 14 ساڵ بەدواداچوون، 1157 مردن لە نێوان بەشداربووان تۆمارکراوە.


ئەنجامەکانی پێشکەشکراو لە کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە میلانۆ دەریانخست کە پابەندبوون بە "خواردنی تەندروست بۆ هەسارەکە" و خۆراکی دەریای ناوەڕاست پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی مردنەوە هەیە .


ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە پلانی خواردنی تەندروست هەسارەییەکانیان پەیڕەو کردووە، ئەگەری مردنیان بە ڕێژەی ٢٢% کەمتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە سێیەمی خوارەوەی پابەندبووندان.


ئەوانەی ڕێجیمی دەریای ناوەڕاستیان پەیڕەو کردووە، ئەگەری مردنیان بە ڕێژەی 21% کەمتر بووە بە بەراورد بەوانەی کەمترین پەیڕەوییان کردووە.


بەڵام زاناکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنی میوە و شیرەمەنی و گوێز و زەیتی تێرنەکراو بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مردنەوە هەیە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە پێشکەش بکەن.


ئەو پسپۆڕانەی لێکۆڵینەوەیان لە ژیانی سەدەمین ساڵان کردووە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە چالاکیی جەستەیی ڕێکوپێک، خۆراکی جۆراوجۆر کە دەوڵەمەندە بە دانەوێڵەی تەواو و میوە و سەوزە، هەروەها پەیوەندییە پاڵپشتییەکانی مرۆڤ و هەستکردن بە ئامانج هۆکاری سەرەکین بۆ تەمەنێکی درێژ. 

;