Apora Logo

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی لە بوونی مەترسیی دەدات لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی لە بوونی مەترسیی دەدات لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن

ماليكى: مەترسیی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە

3/4/2025

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی لە بوونی مەترسیی دەدات لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و دەڵێت، عێراق ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کودەتا و پلانگێڕییەکان.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند،"عێراق بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە پێشە و پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، کە دووربێت لە بەکارهێنانی پارەی سیاسی و یاریکردن بە ئەنجامەکان

راشیگەیاند، "سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی پەیوەستە بە هەڵبژاردنەوە، گۆڕانکاریی ئاشتییانە بەبێ هەڵبژاردن روونادات و عێراق جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کودەتا و پلانگێڕییەکان

مالیکی جەختی لەوەکردەوە، "هەڵبژاردن ئەرکە و پێویستە هاوڵاتیی بەشداریی تیادا بکات بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردن واتای بەردەوامبوونی کێشەکان و گەندەڵییە لە عێراق

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاند، "لە رابردوودا عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبردووە، بەڵام رێژەی بەشدارییکردنی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی رابردوودا سەرەڕای فەتوا ئاینییەکان لەسەر پێویستی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن، بەشێوەی پێویست نەبوو.

بەگوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا "ئەو لایەنانەی ناڕازین و ئەوانەشی رەزامەندن لە پرۆسەی سیاسی، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە، جگە لە چوونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، لەپێناو گۆڕانکاری و هەڵبژاردنی پەرلەمانێک توانای یاسادانان و چاودێری هەبێت.

مالیکی لە کۆتایی گوتارەکەیدا، جەختی لەسەر بوونی مەترسیی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە و ئامادەیی دەربڕی لەکاتێکی دیکەدا قسەی لەسەر بکات و داوای لە هاوڵاتیان کرد، پارێزگارى لە پرۆسەکە بکەن و رێگە بە یاریپێکردن و تێکدانی نەدەن.


;