ئەم فەزیحەیە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە پێشێلکارییەکی ئەمنی ئاشکرای کۆشکی سپی هەژاند ، هەروەها واڵتزیش بەشداربووە، کە بە هەڵە ڕۆژنامەنووسێکی لە گروپێکی پەیام ناردنی زۆر نهێنیدا جێگیرکرد کە لە سیگناڵ دروستیکردبوو بۆ هەماهەنگی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر یەمەن.
ڕۆژی سێشەممە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەدا کە خزمەتگوزاری ئیمەیڵی جیمەیڵی گووگڵ کەمتر پارێزراوە لە خزمەتگوزاری نامە ناردنی کۆدکراو کە لەلایەن سیگناڵەوە پێشکەش دەکرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، واڵتز زانیاری فەرمی بەڵام ناهەستیاری لە ئەکاونتی ئیمەیڵی تایبەتی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە، وەک خشتەی ڕۆژانەی خۆی و بەڵگەنامەکانی دیکەی پەیوەست بە کارەکانی.
لە بەرامبەردا یەکێک لە هاوکارەکانی جیمەیڵی بەکارهێناوە بۆ "ئەنجامدانی گفتوگۆی زۆر تەکنیکی لەگەڵ هاوکارەکانی لە بەشەکانی دیکە سەبارەت بە شوێنە سەربازییە هەستیارەکان و سیستەمی چەکی بەهێز کە پەیوەندییان بە ململانێیەکی بەردەوامەوە هەیە"، بەپێی واشنتۆن پۆست.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، زانیارییەکانی لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنی سێ بەرپرس و پێداچوونەوەی بەو ئیمەیڵانە کردووە کە لە نووسینگەی واڵتزەوە نێردراوە.
بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خێرا ڕەتیکردەوە هەر دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان .
برایان هیوز وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، واڵتز "هەرگیز بەڵگەنامەی نهێنی بۆ ئەکاونتی ئیمەیڵی تایبەتی خۆی یان بۆ هیچ پلاتفۆرمێکی ناپارێزراو نەناردووە".
پێش ئاشکرابوونی ئەم حاڵەتە نوێیە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە فەزیحەی "سیگناڵگەیت"ی دایەوە و وتی، "دۆسیەکە داخراوە، سەرۆک کۆماریش هێشتا متمانەی بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خۆی هەیە".
لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦دا، ترەمپ ڕکابەرەکەی هیلاری کلینتۆن تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەکاونتی ئیمەیڵی تایبەتی خۆی بەکارهێناوە، نەک سێرڤەرێکی پارێزراوی حکومەت، بۆ نامەنووسی فەرمی کاتێک وەزیری دەرەوە بووە لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣.