تا دێت مشتومڕی زیاتر لەبارەی راهێنەرە ئیسپانییەکە دروست دەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە نییە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی راهێنەرەکە بدات.
عەلی جەبار، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند هەموومان لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی کاساس کۆدەنگین و لەسەرکارلادانی کاساس بووەتە ناچاری هەربۆیە ئەمشەو کاتژمێر نۆ لەو بارەیەوە کۆدەبینەوە.
وتیشی دەمێکە تێبینیمان لەسەر ئەوە راهێنەرە هەبووە، دوای شکستی بەرامبەر سعوودیە لە جامی کەنداو داوای دوورخستنەوەی کاساسمان کرد، بەڵام ئەوکات کەسانێک هەبوون لەپێناوی مانەوەی کاساس دەجەنگان.
دوێنێ چوارشەممە کاساس و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق گەڕانەوە بەغدا، راهێنەرە ئیسپانییەکە سەرەڕای شکستەکەیان بەرامبەر فەڵەستین رەتیدەکاتەوە دەست لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکێشێتەوە و دەڵێت کەس بڕیاری دوورخستنەوەی منی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق پێ نەگەیاندووم، من لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بەردەوامم و هێشتا دەرفەتی گەیشتنمان بە مۆندیال لەپێشە.
بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی، ئەگەر کاساس لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە ئەوا دەبێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نیو ملیۆن دۆلار وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە کاساس بدات، بۆیە راهێنەرە ئیسپانییەکە ئامادە نییە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، تاوەکوو لەو بڕە پارەیە بێبەش نەبێت.