وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستێکی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە ڤیدیۆیەکیشی لەگەڵیدا بڵاو کردۆتەوە رایگەیاندوە ، ماتۆڕسوارەکان بوونەتە هەڕەشە بەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکەش، دەشڵێت هەر ماتۆڕسکیلێک تۆمارکراو نەبێت، لە ئایندەیەکی نزیک دەستی بەسەردا دەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاداری 2025 بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوەدەدات، “ماتۆرسوارەکان لە ترافیک لایتی سوور ناوەستن ،پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکان دەڕۆن و ڕێزی مافی شوفێر و ئۆتۆمبێل لە ترافیک لایت و شەقامەکان ناگرن.”
هەروەها نوسیویشیەتی ، ” ماتۆرسوار بوونەتە هەڕەشە بەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکەش لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆرەکانیان دادەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، “مۆڵەت دراوەتە کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن (دیلیڤەری) تا خۆیان لەگەڵ یاساکانی هاتوچۆ بگونجێنن، بە پێچەوانەوە لە ئایندەیەکی نزیک هەر کۆمپانیا و ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.”