دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆك شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستگیركرا، هەریەك تونجەر باکرهان وتولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆكانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە توندی سەرۆكۆنەی ئەو كارەیانكرد و دەڵێن، "بەپێچەوانەی ویستی خەڵکە بە زوترین کات دەستبەردانی ئەو ڕێگە هەڵەبن"، هەروەها هۆشداری لە زیادبونی "گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا" دەدەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، دەستگیركردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆك شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ و ژمارەیەك سەرۆک شارەوانی دیكە، ڕۆژنامەنوسان و سیاسەتمەداران هێرشێکی ڕونە بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی گەل، هەروەها بەپێچەوانەی ویستی خەڵکە و ئەوان سەركۆنەی دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت و بە زوترین کات دەستبەردانی ئەو ڕێگە هەڵەبن، هەروەها ئەوان لە دەم پارتی ڕوبەڕوی هەمو جۆرە فشارێك دەبنەوە و لەگەڵ خەڵكی ئیستانبوڵ و هەمو ئەوانەدا دەوەستنەوە كە خەبات بۆ دیموکراسی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا داوای ئازادکردنی خێرای ئەکرێم ئیمامئۆغڵو و هەمو ئەو کەسانە دەکەن کە دەستبەسەرکراون.
لەلایەكی دیكەوە تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆكی دەم پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، دەستگیركردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ و سەرۆکی شارەوانی قەزاکان و ڕۆژنامەنوسان لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ جێگای قبوڵ نییە و ئەوان بە دەنگێكی بەرز و بە توندترین شێوە ڕەتی دەكەنەوە.
دەشڵێت، "دەستبەسەركردنی ئەو كەسانە سیاسیە و گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا توندتر دەکات، دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شاری وڵات شەرمەزارییەکی گەورەیە کە لەبیرناچێتەوە".
تولای هاتیمئۆغوڵلاری باسی لەوەشكرد، ئەوەی تورکیا پێویستی پێیەتی، ڕانەگرتنی سەرۆک شارەوانییەکانە لە هەڵمەتەکانی پۆلیسی بەیانی زودا؛ دیموکراسی زیاتر و سەروەری یاسای زیاترە. هەروەها داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئیمامئۆغڵو و سەرجەم دەستگیرکراوەکانی دیکەی کرد.
هاوكات ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، بڕیاردان بە ناوی گەل، بەکارهێنانی هێز بۆ گۆڕینی ئیرادەی گەل یان پەكخستنی کودەتایە و میللەت ڕێگە بە بەكارهێنانی دەوڵەت لەلایەن كەسێكەوە نادات و ئەوان تەسلیم نابن.
ئەوە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئهكرهم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دهستگیر كرا كە ناوبراو یهكێكه له سهرسهخترین نهیاری رهجهب تهیب ئهردۆگان، سهرۆك كۆماری توركیا و یهكێك دهبێت له كاندیدانی سهرۆكایهتی كۆماری توركیا له هەڵبژاردنی ساڵی 2028دا.
سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ ڕوبەڕوی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و دۆسیە دەبێتەوە، پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت. هەروەها پێشتر سزای دو ساڵ و 7 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابو و لە ساڵی 2022دا چالاکی سیاسیی لێ قەدەغەکرابو.