ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست دەکات." دەشڵێت "دەبێت رێبەر ئاپۆ لە کۆنگرە ئاگاداربکرێتەوە و بتوانێت دیدگاکانی بخاتەڕو.
موراد قەرەیڵان رۆژی دووشەممە 17ـی ئاداری 2025 لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە قسەی کرد.
قەرەیڵان رەخنەی لە زمان و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت و رایگەیاند، "ئەگەر باسی تیرۆر بکرێت، دەوڵەتی تورک 100 ساڵە کورد تیرۆر دەکات."
سەبارەت بە کۆنگرەی پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەش گوتی، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشداریی کۆنگرە بکات و پێوەندییەکانیش بەردەوام بن.
سەبارەت بە لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا کە دەڵێ پەکەکە بەبێ مەرج چەکەکانی خۆی رادەست بکات، قەرەیڵان گوتی، لەبەر لاوازی، ئاگربەستیان رانەگەیاندووە و گەریلاکانیان 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیایان خستووەتەخوارەوە.
قەرەیڵان گوتی، "ئێمە تەکنەلۆجیامان هەیە و ئەگەر بمانەوێت، دەتوانین ئامانجەکان لە دووریی 800 کیلۆمەتر لە ناوخۆی تورکیا بپێکین، ئێمە بژارەمان هەیە، بێ بژارە نین و ناچاری هیچ شتێک نین. بژارەی جیاوازمان هەیە، چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی سیاسییەوە."
هەرچەندە زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێپەڕبووە و پەکەکە ئاگربەستی رایگەیاندووە، بەڵام سوپای تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوامە.