Apora Logo

مووچەی مانگی دوو كۆتایی دێت و لیستی مووچەی مانگی سێ‌ ڕەوانەی بەغدا دەكرێت

مووچەی مانگی دوو كۆتایی دێت و لیستی مووچەی مانگی سێ‌ ڕەوانەی بەغدا دەكرێت

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی سێ‌ ڕەوانەی بەغدا دەكات

18/3/2025

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ دابەشكردنی مووچە بڵایكردبوویەوە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دێت، هاوكات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی سێ‌ ڕەوانەی بەغدا دەكات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم بە Apora دراون ئەوەخراوەتەڕوو، لیستی مووچەی مانگی سێ‌ بە سیستەمی پەیرۆڵ ئامادەكراوە و هەر ئەمڕۆ ئەو لیستە ڕەوانەی بەغدا دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیستەكەی مووچەی مانگی سێ‌ هاوشێوەی ئەو لیستەیە كە بۆ مووچەی مانگی دوو ئامادە كرابوو، هاوكات بەگوێرەی لیستەكە داوای نزیكەی یەك تریلۆن دینار كراوە بۆ ئەوەی دەستبكرێت بەدابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بەبێ‌ گرفت، بەڵام دیار نییە وەزارەتی دارایی عێراق وا بەخێرایی ئەو لیستە پەسەند دەكات یاخود تێبینی لەسەری دەبێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ یان سبەی شاندێكی تەكنیكی لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەچنە بەغدا، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی یان هەر پرسیارێكیان لەسەر لیستەكە هەبوو وەڵامیان بدەنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێم دێت و فەرمانبەران لە چاوەڕوانی ئەوەدان پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی سێ‌ وەربگرن.


;