Apora Logo

شەرع و عەبدی دووبارە کۆبونەوە

شەرع و عەبدی دووبارە کۆبونەوە

سەرۆکایەتیی سووریا لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بەسەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی پێکهێناوە و بەم زووانە كۆدەبنەوە.

17/3/2025

سەرۆکایەتیی سووریا لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بەسەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی پێکهێناوە و بەم زووانە كۆدەبنەوە.


كه‌ناڵی (جه‌زیره‌) له‌ هه‌واڵێكی به‌په‌له‌یدا بڵاویكردەوە، لیژنەکەی سەرۆكایەتی سووریا بە سەرۆکایەتی (حسێن سەلام) پارێزگاری پێشووی دێرەزوور دەبێت و بەم زووانە کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوه‌ پێكهێنراوه‌ له‌گه‌ڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت”.


ئاشكراشی كردووە، کۆبوونەوەی نێوان لیژنەکە و مەزڵوم عەبدی، ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو ده‌بێت لە پارێزگای حەسەکە.


بەپێی هەواڵەكە: “لیژنەکە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکات، کە لەلایەن ئه‌حمه‌د شه‌رع، سەرۆكی ڕاگوزه‌ری سووریا و مەزڵوم عەبدی واژۆ کراوە و بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی دەکات”.


ئه‌وه‌ش زانراوه‌، كه‌ دواتر لیژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە ئابووری و سیاسی و سەربازییانەی، کە لە ڕێککەوتنەکەدا باس کراون.


ڕۆژی 10ی 3ی 2025 هەریەك لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی کاربەرێکەری  سووریا، لەسەر تێكەڵكردنی هەسەدە بە سوپای سووریا ڕێككەوتن.

 


سەرۆكایەتیی سووریا بڵاویكردووەتەوە، هەردوولا لەسەر یەكخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێك كەوتوون، كە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتی و غازییەكانیش دەگرێتەوە.

ڕێككەوتنەكە لە چەند خاڵێك پێكهاتووە، كە ئەمانە گرنتگرینیانن:

خاڵی یەكەم/ جەخت لە گرەنتیی مافی هەموو سوورییەكان و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا كراوەتەوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئاین و نەژاد.

خاڵی دووەم/ كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە سووریا و دەوڵەتی سووریا گرەنتیی مافەكانی لە هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەكانی دەكات.

خاڵی سێیەم/ بریتیە لە ڕاگرتنی شەڕ لە تەواوی خاكی سووریادا.

خاڵی چوارەم/ بریتییە لە تێكەڵكردنەوەی تەواوی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەروازەی سنووری و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوتەوە.

خاڵی پێنجەم/ بریتییە لە گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ ناوچە و شوێنی خۆیان و گرەنتیی ژیانیان لە سووریا.

خاڵی شەشەم/ بریتییە لە هاوكاریكردنی دەوڵەتی سووریا بۆ بەرەنگاریی پاشماوەكانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەكان لەسەر ئاسایش و یەكێتیی سووریا.

خاڵی حەوتەم/ رەتكردنەوەی هەر دابەشكردن و گوتارێكی ڕقوكینە و بڵاوكردنەوەی ئاژاوەیە لە ناو پێكهاتەكان.

خاڵی هەشتەم/ لیژنەكانی جێبەجێكردن نەگاتە كۆتایی ئەمساڵ، ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ دەكەن.


;