وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزای هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پرۆژەیەكی ديكهى خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام لە گەڕەكی ههشتی حەسارۆك كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند: بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیارانی پرۆژەكە، بەردی بناغەی پرۆژەی كاری خۆڵكاری، بۆ بەشێك لە شەقامە ناوخۆییەكانی زۆنی A لە كەرتی ههشتی حەسارۆك دانرا.
گوژمەی ئەو پرۆژەیە زياتر له 688 مليۆن دینارە و بریتییە لە كاری خۆڵكاری بۆ بەشێك لە شەقامە ناوخۆییەكانی ئەو زۆنەی گەڕەكەكە و بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە ئاستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام بەرزتر دەبێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ تیمی ئەندازیاری جێبەجێكاری پرۆژەكە گفتوگۆیان كرد و جەختیان لە هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كردەوە.