ترامپ لە میانی گەشتێکی درەنگانی شەودا لە فلۆریدا بۆ گەڕانەوە بۆ واشنتۆن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرۆک پوتین قسە دەکەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەمانەوێت بزانین دەتوانین کۆتایی بەم شەڕە بهێنین، ڕەنگە بتوانین، ڕەنگە نەتوانین، بەڵام پێموایە چانسێکی زۆر باشمان هەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە بەنیازە لە کاتی پەیوەندییەکەی داهاتوودا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ، پرسی خاک و کۆنترۆڵکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان تاوتوێ بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە ڕۆژی سێشەممە شتێک سەبارەت بە ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕابگەیەنرێت.
پێشتر بەرپرسێکی ڕوسی بۆ ئاژانسی تاس ئاشکرای کردبوو، وڵاتەکەی داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات بۆ ئەنجامدانی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، لەوانەش بێلایەنی کێڤ و ڕەتکردنەوەی پەیوەندیکردن بە ناتۆ.
ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، قسەکردن لەسەر هێزەکانی ئاشتیپارێزی ناتۆ یان یەکێتی ئەوروپا لە ئۆکرانیا بە شتێکی بێمانا وەسف کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوان دەبنە لایەنێک لە ململانێکان لەگەڵ هەموو دەرئەنجامەکانی دواتر.
دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا، ڕۆژی یەکشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بن بە پلانەکانیان بۆ جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێز لە ئۆکرانیا، دەچنە شەڕەوە دژی ناتۆ.
مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x ڕایگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "گەمەیەکی گەمژانە دەکەن".
لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە پێیان وتراوە کە هێزەکانی ئاشتیپارێز لە وڵاتانی دەرەوەی ناتۆ بن .
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێوە دەتانەوێت هاوکاری سەربازی پێشکەش بە نیونازییەکان بکەن لە کیێڤ، و ئەوەش بە واتای شەڕ لەگەڵ ناتۆ دێت.
رۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرێملنی تۆمەتبار کرد بەوەی نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بێنێت؛ هۆشداریی دا، مۆسکۆ دەیەوێت "سەرەتا پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ بەهێز بکات" و دواتر لەسەر مێز دەست بە گفتوگۆ بکات.