حكومەتی عیراق بڕیاریدا چەندین پڕۆژەی ستراتیجی لە سنووری قەزای شنگال جێبەجێ بكات و گوژمەی 18 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكان تەرخانكرد.
ئەمڕۆ شەمممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكەوە، دەستپێكردنی 14 پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری لە قەزای شنگال راگەیاند، كە بەشی یەكەمی پلانی ئاوەدانكردنەوەی سنووری قەزاكە و دەشتی نەینەوایە.
پڕۆژەكان گوژمەی 18 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، كە قۆناغی یەكەمی بریتییە لە ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانی رێگا سەرەكییەكانی نێوان گوند و ناحییەكانی قەزای شنگال.
سودانی رایگەیاند: جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە كە بودجەكەی لە سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخاندەكرێت، بەشێكە لە دنیابینی حكومەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا و هەردوو ناحیەی زومار و قەحتانیە، كە لەسەردەمی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش، ئەو ناوچانە دووچاری وێرانكارییەكی بەرنامەبۆاداڕێژراو بوونەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی عیراق وتیشی:" قەبارەی ئەو خەبات و قوربانییانەی كە خەڵكی شنگال و دەشتی نەینەوا داویانە بەدرێژایی ماوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەو ستەمەی لەسەردەمی رژێمی پێشوو لێیان كراوە، حكومەتی هاندا بۆ دامەزراندنی سندوقێكی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە، حكومەتیش پابەندە بە كۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان و هاوكاریكردنیان لە دەستپێكدنی ژیانێكی شكۆمەندانەو دەستەبەركردنی سەرجەم پێداویستییەكانیان لە كەرتی ئاو و كارەبا و پەروەردەو تەندروستی.