بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە سەپاندنی سنووردارکردنی فراوانی گەشتکردن بەسەر هاووڵاتیانی دەیان وڵاتدا دەکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی قەدەغەکردنی نوێدا.
لە یاداشتەکەدا ٤١ وڵاتی تێدایە کە بەسەر سێ گروپدا دابەشکراون. گروپی یەکەم، کە دە وڵات لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەفغانستان، ئێران، سوریا، کوبا و کۆریای باکور، ڤیزەیان بەتەواوی ڕادەگیرێت.
لە گروپی دووەمدا پێنج وڵات- ئێریتریا، هایتی، لائۆس، میانمار و باشووری سودان- ڕووبەڕووی ڕاگرتنی بەشەکی دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر ڤیزەی گەشتیاری و خوێندکار دەبێت، هەروەها ڤیزەی کۆچبەری دیکە، جگە لە هەندێک ئیستسناو.
بەپێی یاداشتەکە، لە گروپی سێیەمیشدا، ڕاگرتنی بەشەکی پێدانی ڤیزەی ئەمریکا بۆ 26 وڵات، لەوانەش بیلاڕووس، پاکستان، تورکمانستان و وڵاتانی دیکە، لەبەرچاو دەگیرێت، ئەگەر حکومەتەکانیان "هەوڵ نەدەن بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان لەماوەی 60 ڕۆژدا".
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هۆشداریدا لەوەی ڕەنگە گۆڕانکاری لە لیستەکەدا هەبێت، کە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی ئیدارەی ئەمریکا هەیە، لەنێویاندا مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
ئەو هەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەدەغەکردنەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا بەسەر گەشتیارانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵماندا سەپاند.
ئەم سیاسەتە چەندین پێداچوونەوەی بەخۆیەوە بینی پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاست بکرێتەوە.
لە فەرمانەکەدا چەند ئەندامێکی ئیدارەی ئەمریکا ئاڕاستە کراوە تا ٢١ی ئازار لیستێک پێشکەش بکەن کە گەشتەکانیان بەشێوەیەکی بەشەکی یان بە تەواوی ڕابگیرێت، چونکە "زانیاری سکرینکردن و پشکنین بە توندی ناتەواوە".
ڕێنماییەکانی ترەمپ بەشێکە لە سەرکوتکردنی کۆچبەران کە لە سەرەتای خولی دووەمی خۆیدا دەستیپێکرد.
ناوبراو لە وتارێکیدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ پلانەکەی خستەڕوو و بەڵێنیدا هاتنی خەڵکی کەرتی غەززە، لیبیا، سۆماڵ، سوریا، یەمەن و "هەر شوێنێکی دیکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێمە بکات" سنووردار بکات.