Apora Logo

دۆناڵد ترەمپ: بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان سەركردەیەكی گەورەی داعشمان كوشت

دۆناڵد ترەمپ: بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان سەركردەیەكی گەورەی داعشمان كوشت

سەرۆکی ئەمەریکا و فەرماندەیی ناوەندی وڵاتەکە، کوشتنی ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعش-یان راگەیاند؛ ترەمپیش لەوبارەیەوە دەڵێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ژیانە نەگبەتەکەی کۆتاییهات.

15/3/2025



فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ساتی کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعشیان بڵاوکردوەتەوە بەناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵح روفەیعی كە نازناوی (ئەبو خەدیجە)ـی هەبوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە کە کارەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هەواڵگریی و ئاسایشی عێراق لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامداوە.


بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا؛ ئەبو خەدیجە ئەرکی بەرزترین دەستەی بڕیاردان بوە لە رێکخراوی داعش و بەرپرس بوە لە ئۆپەراسیۆنەکان و ئەو هێرشانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون و لەگەڵیشیدا دوو چەکداری دیکە کوژراون کە پشتیێنەی تەقینەوەیان پێوە بوە.


هەر لەوبارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشاڵ دەڵێت:"ئەمڕۆ سەرکردە هەڵاتوەکەی داعش لە عێراق کوژرا، ئەو بێ وەستان لەلایەن شەڕکەرە ترسناکەکانمانەوە راو کرا".

 

دەشڵێت: لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی داعش، کۆتایی بە ژیانە نەگبەتەکەی هات، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.


هاوکات رۆژی رابردو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردەوە؛ هێزە ئەمنییەكانیان توانیویانە (ئەبو خەدیجە) کە پۆستی جێگری خەلیفەی هەبوە لە عێراق و سوریا بکوژن.


دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند؛ پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئێمە و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر هێزە عیراقییەکان، جێگری خەلیفەی داعش کوژرا، بەڵام لە راگەیەندراوەکەی سودانیدا ئاماژە بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەکراوە.


ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردوە کە کوشتنی ئەم سەرکردەیە لەسەر بنەمای چەندین ساڵ بەدواداچون و پشبەستن بە زانیارییەکانی ئەوان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بوە، بەڵام سودانی لە راگەیەنراوەکەدا هیچ ئاماژەیەکی بە رۆڵی سەرەکی ئەوان نەکردوە.



;