ئاگربەست لە نێوان کوردەکانی سوریا و حکومەتی سوریا لە دیمەشق کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان دەهێنێت و بۆ یەکەمجار ماف بە کەمینە پەراوێزخراوەکان دەبەخشێت. دیمەشق دەستکەوتی بەرچاوی لەو ڕێککەوتنە هەیە، بەڵام کورد چی لێ دەستدەکەوێت؟
گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سوریا بە خێرایی بەردەوامن. ئەم هەفتەیە ئەحمەد شرع سەڕۆکی کاتی سوریا ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ کورد بەسەڕکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەباکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەواژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی هاتنی دوژمنایەتییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای سەر بە تورکیا و هێزە کوردییەکانە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن . هاوکات مەرجی یەکخستنی هێزە کوردییەکان لە سوپای سوریادا داناوە، کە بەربەستێکی گەورەیە لەو کاتەوەی شەرع هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی سوریای ڕاگەیاند، لەنێویاندا میلیشیای ئیسلامی حەیات تەحریر شام، کە خۆی سەرکردایەتی دەکات، لە بەرژەوەندی هێزێکی نوێی یەکگرتووی سوریا.
جگە لەوەش، ڕێککەوتنەکە نزیکەی لەسەدا 30ی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی کورددا بوون، بەدرێژایی سنوورەکانی عێراق و تورکیا، دەخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە. نانارهەواش، شرۆڤەکاری باڵای سوریا لە گروپی نێودەوڵەتی قەیرانەکان کە ڕێکخراوێکی ڕێگری لە ململانێیە، بە DWی ڕاگەیاند: ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کورد، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ یەکخستنەوەی سوریا.
هەواش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییە (کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە دژی کەمینەی عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سوریا ئەنجامدرا) بە توندی پاڵپشتی ئەم ڕێککەوتنەیان کرد. چارڵز لیستەر، هاوڕێی باڵای پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن و بەرپرسی دەستپێشخەری سوریای پەیمانگاکە، هاوڕا بوو و لە میانی کۆنگرەیەکی ئۆنلاین ڕۆژی سێشەممە وتی: ڕێککەوتنەکە چەند هەفتەیەکە لەسەر مێز بووە.
کریسی ستینکامپ، پرۆفیسۆری یاریدەدەری گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە گرنگیدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بروکس لە بەریتانیا، هیچ گومانی تێدا نییە کە دیمەشق بە قووڵی وەبەرهێنانی لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کورددا کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێککەوتنەکە نوێنەرایەتی دوو دەستکەوت دەکات بۆ دیمەشق". ئاماژەی بەوەشکرد: سەرەتا حکومەت لە دیمەشق کۆنترۆڵی خاکی و سیاسی خۆی چەسپاندووە، جگە لەوەی وەک حکومەتی شەرعی سوریا ناسێنراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "لایەنی دووەم قازانجی ئابوورییە، بەو پێیەی ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە دیمەشق دەدات دەستی بگات بە داهاتی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش لە چوارچێوەی گشتیدا زۆر گرنگە".
چارلز لیستەر هاوڕایە و دەڵێت "پێکهاتەی بنەڕەتی ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای ڕادەستکردنی ژێرخانی نەوت و وزە لە باکووری ڕۆژهەڵات بۆ حکومەتی کاتی، بەڵام بەو مەرجەی داهاتەکان بە ڕێژەیەکی لەگەڵ باکووری ڕۆژهەڵات دابەشبکرێن و ئاراستەی چالاکییە مەدەنی و مرۆییەکان و وەبەرهێنانەکان لەو ناوچەیەی سوریا بکرێت". گومان لەوەدا نییە کە بەهێزکردنی ئابووری سوریا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی کاتی لە دیمەشقدایە. وڵاتەکە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوان هەیە دوای چواردە ساڵ شەڕی ناوخۆ، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا لەلایەن حەیات تەحریر شامەوە کۆتایی هات.
داننان بە ئۆتۆنۆمی زیاتری کورد
ڕێککەوتنە نوێیەکە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ سوریا کە بە دوو ملیۆن و نیو کورد مەزەندە دەکرێت. لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، کوردانی ئەو وڵاتە تووشی پەراوێزخستن و چەوساندنەوە بوون. ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی جەژنی کورد قەدەغە کرا، بە پێی یاسای سەرژمێری تایبەت لە ساڵی ١٩٦٢ زۆرێک لە کوردەکان ڕەگەزنامەی سوریایان لێ بێبەش کرا، بەڵام بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە.
کریسی ستینکامپ وتی: بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، ئەوان وەک گرووپێکی نەتەوەیی لە سوریا ناسێنراون و بەڵێنی ئاستێکی دیاریکراوی ئۆتۆنۆمییان داوە سەبارەت بە زمان و ناسنامەکەیان. هاوکات حکومەت لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دووپاتی کردەوە کە "کۆمەڵگەی کورد توخمێکی بنەڕەتی دەوڵەتی سوریا پێکدەهێنێت، کە مافی هاووڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی بۆ دەستەبەر دەکات". شتاینکامپ زیادی کرد: ئەمە بە ڕوونی ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەباتی بۆ کردووە.
بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵی کورد بۆ دەسەڵات و داننان بە ناسنامەکەیان هێشتا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، بەو پێیەی بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنە نوێیەکە جێبەجێ بکرێت. چارڵز لیستەر دەڵێت: ئەوەی ئێمە هەمانە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیە نەک ڕێککەوتنێکی گشتگیر. ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوە و یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، هەروەها ڕێکخستنەکانی حوکمڕانی ناوخۆیی و لامەرکەزی، هێشتا پێویستیان بە کاری لەسەرە".
گۆڕینی هاوپەیمانییە ئەمنییەکان
بەڵام ئایندەی کورد تەنیا بە نیازپاکی حکومەتی سوریاوە نابەستێت. تورکیا لە مێژە هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە سەرکردایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج. ئەنقەرە کورد لە سوریا بە گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت کە تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات.
لە یەکەمی ئازاردا پارتەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ئاماژەیەک سەیر دەکرا کە هەڵوەشاندنەوەی نزیکە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر کورد لە سوریا دەبێت. جگە لەوەش، هێزەکانی ئەمریکا ساڵانێکە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ئاسایشی کورددا بینیوە، چەند هەزار سەربازی ئەمریکی مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتی هێزە کوردییەکان دەکەن لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەشدارن
لە ئێستادا نزیکەی 9 هەزار گومانلێکراوی داعش لە زیندانەکانی کورددا گیراون، هاوکات مەزەندە دەکرێت 40 هەزار چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی کوردەکاندا بژین. لەمەودوا هەموو ئەو دامەزراوانە لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا دەبن، بەڵام هێشتا دیار نییە هێزەکانی ئەمریکا تا کەی لە سوریا دەمێننەوە، بەتایبەتی ژێر ڕۆشنایی داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
نانەر هاوش پێی وایە ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان کورد و دیمەشق دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ هاوکاریی ئەمنی زیاتر لە ناوخۆی سوریادا. ناوبراو بە کەناڵی DW ی وتووە "ڕەنگە دیمەشق بچێتە نێو هاوپەیمانییەکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش". بۆ گەلی سوریا و کەمینەی کورد، ئومێد زیاترە لە گومانەکان سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە یان چۆنیەتی جێبەجێکردنی. چارڵز لیستەر زیادی کرد: ئەو ڕاستییەی کە ئێستا ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بە فەرمی ڕاگەیەندراومان هەیە، زۆر جێگەی دڵخۆشییە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەسە کە شەوی ڕابردوو سەیری هەموو گۆشەیەکی سوریا بکەین، و ئەو ئاهەنگانەی کە ڕوویانداوە، بۆ ئەوەی بزانین سورییەکان چەندە بە تامەزرۆییەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە.