وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و بەرپرسی هەواڵگری تورکیا سەردانێکیان بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا دەستپێکرد، لە کاتێکدا ئەنقەرە پابەندبوونی خۆی بە دوورخستنەوەی چەکدارانی بیانی لە سوریا دووپاتکردەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و یاسار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کالین سەرۆکی هەواڵگری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بەمەبەستی گفتوگۆی فەرمی گەیشتوونەتە دیمەشق، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئامانجی سەردانەکە بخەنەڕوو.
ئاژانسە نیمچە فەرمییەکە ڕایگەیاندووە، بڕیارە لە سەردانەکەدا بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ هاوتا سورییەکانیان و ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببنەوە .
سەردانەکە چەند ڕۆژێک دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە سەرۆکایەتی کورد دێت، کە سەرچاوەی نیگەرانی تورکیایە.
تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە "دەبێت تیرۆریستان چەکەکانیان دابنێن و چەکدارە بیانییەکان لە سووریا دوور بخرێنەوە"، هەڵوێستێک کە ئەنقەرە لە مێژە جەختی لەسەر کردۆتەوە.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە لە تورکیا لە بڕیارداین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: هیچ گۆڕانکارییەک لە چاوەڕوانییەکانمان سەبارەت بە کۆتایی هاتنی چالاکییە تیرۆریستییەکان لە سووریا و دانانی چەکی تیرۆریستان و لابردنی تیرۆریستانی بیانی، بە تایبەتی ئاماژە بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە سووریا چالاکی دەکەن، زیادی کرد.
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری سوریا، لە دوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا لە کانوونی یەکەمی ڕابردوو و هەڵاتنی بۆ ڕووسیا، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتەکەدا دەدەن .
شەرع و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە تێیدا "تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان". بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەناو ئیدارەی خۆسەری کورد ، کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و نوێنەرایەتی بەرەی سیاسی هەسەدە دەکات، ناوچە بەرفراوانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکات، لەنێویاندا کێڵگە گەورەکانی نەوت و گاز.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) باڵی سەربازی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکردایەتی کوردەکان، سەرکردایەتی شەڕی دژی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی کرد تا لە ساڵی 2019دا توانیان لە دوایین مۆڵگەکانییەوە دەربکەن.
هەسەدە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییە و ئەنقەرەش چەندین جار داوای ناردنی چەکدارە بیانییەکانی بۆ دەرەوەی سوریا کردووە
تورکیا دەمێکە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار دەکات، کە ئەنقەرە و وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێنی دەکەن و لە ساڵی 1984ەوە یاخیبوونێک لە دژی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدات.
مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازێکی مێژوویی بڵاوکردەوە و داوای لە پارتەکەی کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
تورکیا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکانی سوریا هەیە، بەدوای چارەسەری پرسی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە)دا دەگەڕێت، کە لە سەرانسەری ناوچە بەرفراوانەکانی سەر سنووری وڵاتەکەی بڵاوەیان پێکراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "دەبینین ڕێککەوتنەکە (لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات) چۆن لەسەر زەوی جێبەجێ دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی دەکەین".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند ، ڕێککەوتنەکە لە سوریا "خزمەتی ئاشتی دەکات". ناوبراو زیادی کرد: هەموو هەوڵێک بۆ پاککردنەوەی سوریا لە تیرۆر بە هەنگاوێکی ڕاست دەزانین.
دیپلۆماتکارێکی تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، تورکیا لە مانگی نیساندا میوانداری لوتکەی ناوچەیی دەکات بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا شوێن و کاتەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.