Apora Logo

ئێران کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سەرکۆنە کرد

ئێران کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سەرکۆنە کرد

نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، پێویستە ئەنجوومەنەکە یەکگرتوو بێت

13/3/2025

ئێران کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، دەستوردانی ناڕەوای کارەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوێنێ چوارشەممە 12ی ئازار، لەسەر داوای ئەمریکا، فەڕەنسا، کۆریای باشوور، یۆنان، بەریتانیا و پەنەما بۆ تاوتوێکردنی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆبووەوە و ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئامانج لە کۆبوونەوەکە سەپاندنی زیاتری ئەو سزا نایاسایی و شکستخواردووانەیە لە رابردوودا بەسەر تاراندا سەپێندراوە.

ئیروانی دەشڵێت، ئەوە ئەمریکا بوو پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو لە 2018 تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و پێشێلی بڕیارى ژمارە 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشى کرد و دواترش دەستی بە سزادانی حکومەت و خەڵکی ئێران کرد.

نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، پێویستە ئەنجوومەنەکە یەکگرتوو بێت لە سەرکۆنەکردنی هەڵسوکەوتەکانی ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێستا بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەیشتووەتە هەشت هەزار و 294 کیلۆگرام، ئەو بڕەش 41 هێندە زیاترە لەو ئاستەی کە بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 2015 رێگەی پێدراوە.


;