Apora Logo

ئەحمەد شەرع ، ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى سووریاى پێکهێنا

ئەحمەد شەرع ، ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى سووریاى پێکهێنا

ئەنجوومەنەکە دەکات و هەریەکە لە وەزیرانى دەرەوە، ناوخۆ، بەرگرى و بەڕێوەبەرى دەزگاى هەواڵگری ئەندامن تێیدا

13/3/2025

ئەحمەد شەرع سەرۆکى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر، ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى سووریاى پێکهێنا و خۆى سەرۆکایەتیى دەکات و حەوت ئەندامى دەبێت.

ئەحمەد شەرع، رۆژى چوارشەممە 12ـى ئازارى 2025، بڕیاری ژمارە پێنجی سەرۆکایەتیی بۆ پێکهێنانى ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سووریا دەرکرد.

شەرع، سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنەکە دەکات و هەریەکە لە وەزیرانى دەرەوە، ناوخۆ، بەرگرى و بەڕێوەبەرى دەزگاى هەواڵگری ئەندامن تێیدا و دوو کورسیش بۆ دوو راوێژکار و کورسییەکیش بۆ کەسێکى تەکنیکى دیاریکراون، کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دیاریدەکرێن.

بەگوێرەى نووسراوەکەى ئەحمەد شەرع، ئەنجوومەنەکە بەشێوەى خولیی یان لەسەر بانگێشتى سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە و بڕیارەکانى بە راوێژ لەنێوان ئەندامەکانى دەبێت.

ئاماژەبەوەکراوە، کارى ئەنجوومەنەکە رووبەرووبونەوەى ئەو مەترسییە ئەمنیى و سیاسییانەیە لە داهاتوو رووبەرووى سووریا دەبێتەوە.

لەبڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، شێوازى کارى ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع بەهاوبەشى لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکان دیاریدەکرێت، بڕیارى پێکهێنانى ئەنجوومەنەکەش لە رۆژى دەرچوونییەوە کارى پێدەکرێت.


;