ئەمڕۆ سێشەممە (١٢ی ئازاری ٢٠٢٥) ئاژانسەکانی ڕوسیا بڵاویانکردەوە، سێرگی ناریشکین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی دەرەکی ڕوسیا و جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا ، ئەمەش یەکەمجارە لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی
.
ماڵپەڕی ئێس ڤی ئاڕ لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئاژانسی فەرمی تاسەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، "لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٥، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سێرگی ناریشکین بەڕێوەبەری ئێس ڤی ئاڕ و جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئەنجامدرا".
ئەم بانگەوازە یەکەمجارە لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکدا بۆ خولی دووەم وەک سەرۆکی ئەمریکا. هەروەها ئەمە ئاستێکی دەگمەنی ئاڵوگۆڕی هەواڵگرییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە سەرەتای دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢.
لە بەیاننامەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە کە هەردوو بەرپرسەکە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەردوو دەزگاکە "پەیوەندییەکی بەردەوام دەکەن... بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، و کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن".
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا، شل بووەتەوە. سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی لە مانگی شوباتی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
پەیوەندی نێوان بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا و ڕووسیا لە هەمان ڕۆژدا بوو کە شاندەکانی واشنتۆن و کیێڤ لە سعودیە دانوستانیان کرد لە کۆتایی دانوستانەکاندا ئۆکرانیا ڕازیبوونی خۆی بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە لە شەڕەکەدا ڕاگەیاند، بە مەرجێک ڕووسیا قبوڵ بکات.
لە کاتێکدا واشنتۆن جەختی لەوە کردەوە کە "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ڕووسیادایە" بۆ بڕیاردان لەسەر ئاگربەستەکە، بەڵام ڕایگەیاند کە "دەستبەجێ" ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان و هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئۆکرانیا هەڵدەگرێت .