وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوای لێپرسینەوە لە بکەرانی تاوانەکە دەکات و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تیمێک بۆ دەستگیرکردنى ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکدەهێنێت.
دواى هێرشکردنە سەر ژمارەیەک هاوڵاتى سورى لە عێراق، وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا وێراى ئیدانەکردنى ئەو کردەوەیە، داوای لە حکومەتی عێراق کرد، لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بکەن و دەستگیریان بکەن و ڕوشوێنی پێویستیش بۆ پاراستنی ئەو سوریانە بگرنەبەر کە لە عێراقن.
لاى خۆشیەوە سەباح نوعمان وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردوە تیمێک بۆ لێپێچینەوە دەستگیرکردنى هێرشبەرکان و لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە پێکبهێنرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوەتەوە تێیدا، گروپێکی دەمامکدار کە ناوی (یا عەلی شەعبییە)ـیان لە خۆیان ناوە هێرش دەکەنە سەر ژمارەیەک هاوڵاتیی سوریی کە بۆ کارکردن لە عێراقن.