Apora Logo

زێلێنسکی داوا لە واشنتۆن دەکات ڕووسیا بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی بکات

زێلێنسکی داوا لە واشنتۆن دەکات ڕووسیا بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی بکات

سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد ڕووسیا بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی بکات سەرۆکی ئەمریکایش رایگەیاند، دەیەوێت بە زووترین کات کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت و رووسیاش بە پێشنیاری ئاگربەستەکا ڕازی بێت.

12/3/2025

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد ڕووسیا بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی بکات سەرۆکی ئەمریکایش رایگەیاند، دەیەوێت بە زووترین کات کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت و رووسیاش بە پێشنیاری ئاگربەستەکا ڕازی بێت.


زێلێنسکی وتی: دەبێت واشنتۆن مۆسکۆ ڕازی بکات کە پێشنیاری ئاگربەست بۆ ماوەی 30 ڕۆژە قبوڵ بکات کە لە میانی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ئەمریکا لە جەدە لە سعودیە خراوەتەڕوو.


زێلێنسکی لە وتاری ڕۆژانەی خۆیدا لە سۆشیال میدیا وتی: ئەمریکا دەبێت ڕووسیا ڕازی بکات بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا بە "ئەرێنی" سەیری پێشنیازی ئاگربەستەکە دەکات.


هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی ئیدارەکەی لەگەڵ روسیا کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، هەروەها، دووبارە بانگهێشتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکاتەوە بۆ کۆشکی سپی، لەهەمان کاتیشدا ئاماژەی بەوەشدا کە قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دەکات.


ئەمریکا و ئۆکرانیا پێشتر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندبوو کە کیێڤ رازی بووە بە پێشنیارێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ و هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی دوای لەشکرکێشی رووسیا.


لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە هەردوولا بڵاویانکردەوە، واشنتۆن دووپاتی کردەوە کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کۆتاییهێنان بە ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لەگەڵیدا "دەستبەجێ"، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پاڵپشتیکردنی کیێڤ لە چوارچێوەی ئەم ئاگربەستەدا.


هەروەها ڕێککەوتنێک کرا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی کانزا لە نێوان هەردوو لایەن "بە زووترین کات".


مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، دەبێت ڕوسیا بڕیار بدات کە ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا قبوڵ دەکات یان نا، کە بە وتەی خۆی ئامادەیە بۆ دانوستان.


ڕوبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری جددە وتی: ئێمە ئێستا ئەم ئۆفەرە دەبەینە بەردەم ڕووسەکان و هیوادارین بە ئاشتی ڕازی بن، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانەکەیاندایە.


ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاوی لە ناوچەی سنووری کورسک بەدەستهێناوە کە پێشتر ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردبوو.

;