ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆککۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا واژۆکرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سانا، ئەلشەرع و عەبدی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە کە چەند بڕگەیەکی پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسی و مافی پێکهاتەکانی سوریا و ئاگربەست و داڕشتنەوەی دامودەزگاکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەخۆگرتبوو.
لە ڕێککەوتنەکەدا گەرەنتیکردنی مافی هەموو سورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری سیاسی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە باکگراوندێکی ئایینی و نەتەوەیی، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەی کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی سوریا، هاوکات گەرەنتیکردنی مافی هاووڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی.
هەروەها ڕێککەوتنەکە ئاگربەست سەرتاسەری سوریای لەخۆگرتبوو، هەروەها تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
سەبارەت بە مەلەفی مرۆیی، ڕێککەوتنەکە جەختی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان کردەوە، هاوکات دڵنیابوون لە پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە. هه ڕوه ها هه ڕدوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ده وڵه تی سوریا دووپات کرده وه له ڕووبه ڕووبوونه وه ی پاشماوه کانی ڕژێمی لەسەڕ کارلادراوی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی که ڕەنگه کاریگەڕییان لەسەڕ ئاسایش و یەکگرتوویی ئەو وڵاته هەبێت.
ئەو دوو لایەنە بەڵێنیان دا کە داوای دووبەرەکی و قسەی ڕق و کینە ڕەت بکەنەوە، هەروەها ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا ببنەوە.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا پێکهێنانی دەستەی کارگێڕی بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیاریکراوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواو تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.